بەر لە دەستپێکردنی دانیشتنی دادگاییکردنی دۆزی کۆبانێ لە هۆڵی زیندانی سینجان، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەمئۆغیولاری و تونجەر باقرخان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا کە ژمارەیەک لە بەرپرسان و نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنیەکان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی و شاندێکی جەهەپە ئامادەبوون، داوایان کرد دەستبەجێ سیاسەتمەدارانی زیندانی کراوی دۆزی کۆبانێ ئازاد بکرێن.
تونجەر باقرخان لە قسەکانیدا رایگەیاند، لە مێژووی تورکیادا دۆزی کۆبانێ وەک یەک لەو دۆز و دۆسییە سیاسیانەیە کە دیزاینی سیاسەت دەکات و وتی، "دۆزی پیلانگێڕانەی کۆبانێ دوایین نمونەی ئەوەیە. لێرەدا هیچ تاوانێک بوونی نییە. دۆسیەیەکی بێ بنەمایە. هیچ بەڵگەیەک نییە. هەڤاڵانمان بە شێوەی نایاسایی و نادادپەروەرانە چەندین ساڵە دادگایی دەکرێن".
ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو سیاسەتمەدارانە بۆ ئەوەی لە دژی دڕندەیی داعش مامەڵەی هەستیارانە بکرێت بانگەوازیان کردبوو، هەر لەبەر ئەو بانگەوازەشە کە چەندین ساڵە لە زیندانن. ئەمرۆ هەم دەسەڵات و هەمیش دەستەی دادگا رووبەڕووی بەرپرسیارێتین. دەستەی دادگا دەتوانێت بڕیارێکی مێژوویی بدات و لە بنەڕەتەوە ئەو ئقڵیەتە بڕوخێنێت. داوا لە دادگا دەکەین کە لەبەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژوویدایە و بەرپرسیارێتی خۆی بە شێوەیەکی دروست بەجێبگەیەنێت، دەمانەوێت ئەمرۆ هەم بڕیاری ئازادکردن و هەم بڕیاری ئەستۆپاکی بۆ هاوڕێیانمان دەربچێت کە چەند ساڵە لە زیندانن.
باقرخان بە بیری هێنایەوە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار بە واتای پێداگریی گەلانە لە سەر ئازادی و دیموکراسی و داوای کرد دەسەڵاتیش ئەو بڕیارە گەلانی تورکیا ببینێت.
لای خۆشیەوە تولای حاتەمئۆغیولاری وتی، "لێرەدا جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە کە دۆزی کۆبانێ دۆسیەیەکی پیلانگێڕییە. ئەمرۆ بەرخودانی کۆبانێ بەرخودانێکی بەو جۆرە کە نەک هەر بۆ رۆژئاوا، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە، لە دژی ئەو رێکخراوەی بە شێوەی بکوژ و دەستدرێژیکارن، لە دژی ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەکانەوە دەکەن و مافیای ئەندامانی جەستەن، تێکۆشان و بەرخودانێکی بەهێزە.
باسی لەوەشکرد، نەک هەر هەدەپە بەڵکوو هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکانی تورکیا و جیهان داکۆکیان لە بەرخودانی کۆبانێ کرد و داعشیان شەرمەزار کرد، بڕوانن هێشتاش مەترسی داعش لەئارادایە. لە تورکیاش داعش چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە، بەڵام لە بری لێکۆڵینەوە لەو کۆمەڵکوژیانە، لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکەن کە بانگەوازیان بۆ تێکۆشان لە دژی داعش کردبوو. هەدەپە، بەڕێوەبەرانی هەدەپە و نوێنەرانی سیاسەتی دیموکراتیک لە تورکیا دادگایی دەکرێن ئەمە هەرگیز مایەی قەبوڵ کردن نییە.
حاتەمئۆغیولاری داواشی لە دەسەڵاتی دادوەری کرد لە هەڵەیەی لە دۆسیەی کۆبانێدا دەیکات پاشگەز ببێتەوە، چونکە ئەو دۆسیە نایاساییە لە پێشەرۆژدا وەک وانە دەچێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی کۆلێژەکانی یاسا. بۆیە پێویستە بە گوێرەیەکی راست و بە پێی یاسا بڕیار بدەن.
ئەوەسی خستەڕوو، هاوڕێ پارێزەرەکانمان زانیاری وردیان لەبارەی دۆسیەکەی و پێشێلکارییەکانی ئاشکراکردووە و ئەوەیان خستووتەڕوو کە بە پێی ئەو سیناریۆیەی دارێژراوە، ٣٧ سزای زیندانی هەتاهەتایی توندکراو بەسەر سیاسەتمەداران دەسەپێندرێت، لە بنەڕەتدا ئەو سیناریۆیە هەرگیز لە یاسا، ویژدان و دیموکراسیدا جێگەی نابێتەوە.
حاتەمئۆغیولاری لە کۆتاییشدا جارێکی دیکە داوای کرد سەرجەم سیاسەتمەدارانی دەستگیرکراو لە دۆسیەی کۆبانێ دەستبەجێ ئازاد بکرێن، چونکە هەریەک لەوان شکۆمەند و کەسایەتی گرنگن لە سیاسەتی تورکیا و کوردان. ئازادکردنیان دەبێت هۆی گێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە سەروەربوونی یاسا. دەبێتە دەرفەتێک بۆ رەخساندنی بواری پێکەوەژیان لە تورکیا".
هـ . ب