هەدەپە: شۆڕشی ڕۆژئاوا شکۆی مرۆڤایەتییە، خاوەندارێتی لێ بکەن
پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا و دەڵێت: "شۆڕشی ڕۆژئاوا شکۆی مرۆڤایەتییە، خاوەندارێتی لێ بکەن".
پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا و دەڵێت: "شۆڕشی ڕۆژئاوا شکۆی مرۆڤایەتییە، خاوەندارێتی لێ بکەن".
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی هەدەپە ڕاگەیاندراوێکی بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی هەدەپە هاتووە:
" ١١ ساڵ بەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا تێپەڕی، کە ١٩ ی تەمموزی ٢٠١٢ بە پێشەنگایەتی گەلی کورد و بە هەماهەنگی گەلانی سوریا هەڵگیرسا. گەلی سوریا لە سەرەتای شەڕی ناوخۆ لەنێوان ڕژێمی ئەسەد و داعش جێهێڵرا. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا، گەلی کورد و گەلی سوری شۆڕشێکی گرنگیان بەدیهێنا بە تێگەیشتنی دیموکراتیک و ئازادیخوازانە بە پێشەنگایەتی ژنان. شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، ڕێگەی کردەوە لەبەردەم تێکۆشانی ئازادی ڕۆڵەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەرەڕای هێرشە نامرۆڤایەتییەکان، توانی یەکسانی و ئازادی بۆ هەموو مرۆڤەکان دەستەبەر بکات.
دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە و چەتەکانی داعش، دوژمنانی گەل و مرۆڤایەتی، لە سەرەتاوە دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا بوون و لە هەوڵی بەردەوامن بۆ لەناوبردنی. بۆیە هەموو هێرشێک دەکەنە سەر ڕۆژئاوا. هەروەک بێدەنگی و هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو دەوڵەتانی پارێزەری مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەم هێرشانە، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ جیهانێکی ئازاد و پاشەڕۆژێکی دیموکراتیک.
لەلایەک گەلانی جیهان داوای ستاتۆیەک بۆ گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن، لەلایەکی تر، تورکیا و ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە هێرشی ئاسمانی و کوشتنی بەردەوامیان هەیە بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ڕۆژئاوا. بەهیچ شێوەیەک ڕێگە لەم هێرشانە ناگیرێت، هێزە نێودەوڵەتییەکان چاودێری هێرشەکان دەکەن و جاروبار پشتیوانیشی دەکەن. گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ مردن جێهێڵراون. ئاکەپە بە داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی دەستوردان دەکات لە پێکهاتەی دانیشتووانی هەرێمەکە. دەیەوێت یادگەی کوردی وێران بکات و هەرێمەکە لە کورد پاک بکاتەوە. دەبێت بزانین ئەم هێرشە تەنها دژی گەلی کورد نییە، بەڵکو دژی هەموو گەلان و ژنان و گەنجان و باوەڕەکانە کە دەیانەوێت بە شکۆ و ئازادییەوە پێکەوە بژین. پاراستنی ماف و دەسکەوتەکانی گەلی کورد و گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها داواکردنی ستاتۆیەکی هەرێمی، ئەرکی هەموو ئازادیخوازانە.
سڵاو دەنێرین بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا کە پێش ١١ ساڵ هەڵگیرسا و هیوای ژیانێکی ئازاد و یەکسانی بەخشییە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو گەلان. بەڵێن دەدەین ئەرکمان بەجێ بگەیەنین بۆ هێشتنەوەی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا. گەلی کورد دەستبەرداری دەسکەوت و ئازادییەکەی نابێت. بۆ ئەم مەبەستە، داوا لە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و تورکیا و جیهان دەکەین، پشتیوانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەن لەپێناو ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک و پاراستنی ئەم شۆڕشە مرۆڤایەتییە".