هەدەپە: پێویستە سیستەمی گۆشەگیری کۆتایی بێت

دەستەی یاسا و مافەکانی مرۆڤی هەدەپە، بانگەوازی کرد بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پێدانی دەرفەت بۆ سەردانیکردنی پارێزەرانی.

دەستەی یاسا و مافەکانی مرۆڤی هەدەپە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

لە ڕاگەیاندراوەکەی هەدەپەدا هاتووە: "لەوکاتەوەی لە ١٥ ی شوباتی ١٩٩٩ ـەوە بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی بەڕێز ئۆجالان گوازرایەوە بۆ ئیمراڵی، لەنێو زیندانێکی تاکەکەسی دانراوە، ناهێڵن بنەماڵە و پارێزەران سەردانی بکەن، هەموو ڕێوشوێنە یاساییەکان پێشێل دەکرێت. لە هەمان کاتدا، بەشێوەیەکی سیستەماتیک کردارە نامرۆییەکانی نێو ئیمراڵی بەردەوامە، ئەوە ٤ ساڵە پارێزەران چاویان بە ئۆجالان نەکەوتووە".

گۆشەگیری ڕەها

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"تا ساڵی ٢٠١١، مافی ئۆجالان بۆ بینینی پارێزەرانی بە یەک کاتژمێر لە هەفتەیەکدا سنووردار کرابوو، بەڵام هیچ بەندێکی یاسایی لەم جۆرە نەبوو، لەگەڵ ئەم سنووردارکردنەش، چاوپێکەوتنەکان بە پاساوی "ڕەوشی کەشوهەوا" و "پەککەوتنی کەشتی" بەردەوام هەڵدەوەشێنرانەوە. لە ٢٧ ی تەمموزی ٢٠١١ تا ئەمڕۆ، لەنێوان ٢ ی ئایار و ٧ ی ئابی ٢٠١٩، تەنها ٥ دیداری پارێزەران هەبووە. دوایین سەردان لە ٧ ی ئابی ٢٠١٩ بوو. عومەری خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم لە ١٦_١٧ ی ئاداری ٢٠١٥ـەوە لەوکاتەوەی خراونەتە ئیمراڵییەوە چاویان بە پارێزەرەکانیان نەکەوتووە. ئەو نامانەی پارێزەران ڕەوانەی داواکاری گشتی بۆرسە و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵیان کردووە، هیچ وەڵامێک نەدراونەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەی لە ٥ ی ئابی ٢٠٢٠ لەلایەن (سی. پی. تی.) بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە، ئەم نەبوونی زانیارییەی ئیمراڵی وەک "دابڕان لە جیهان" یان نەبوونی ڕەهای پەیوەندی پێناسەکرد، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ڕەوشە قبووڵ نەکراوە و داوای کرد کۆتایی بێت. هەروەها (سی. پی. تی.)، ڕایگەیاند لە ٢٠ بۆ ٢٩ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ سەردانی ئیمراڵی کردووە، بەڵام هیچ لێدوانێکی لەبارەی ڕەوشی زیندانیکراوان نەداوە.

گۆشەگیری پەیوەستە بە سیاسەتی شەڕەوە

پارێزەرانی ئۆجالان و سێ زیندانییەکەی تر ڕایانگەیاند، بانگەوازیان لە لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە گۆشەگیری ڕەها کۆتایی پێ بهێنن. ئەم داوایە قبووڵکرا و بەگوێرەی بڕیاری ٦ ی ئابی ٢٠٢٢ حکومەت ڕاسپێردرا بۆ کۆتاییهێنان بەوەی "پێویستە گۆشەگیری کۆتایی بێت و بەبێ ئاستەنگ سەردانیکەران و پارێزەران دیداری خۆیان ئەنجام بدەن". لەگەڵ ئەوەشدا، دان بە ڕاپۆرتی (سی. پی. تی.) و بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەنرا، هیچ هەنگاوێک نەگیرایە بەر بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری ڕەها. پاش پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ٢٥ ی ئاداری ٢٠٢١ کە لەناکاو پچڕا، هیچ زانیارییەک لەبارەی ئۆجالانەوە نییە.

٢٤ ساڵە گۆشەگیری ئیمراڵی بەردەوامە، بەشێوەیەکی میزاجی و جیاکارانە و دژی هەموو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان. ئەگەر ئەم سیستەمە ٢٤ ساڵییە بە زیندانیکردنێکی ئاسایی ببینرێت، ئەگەر گۆشەگیری تەنها لەڕووی یاساییەوە پاساوبدرێت، ئەوکات ئەگەری دەسکەوتنی ئەنجامێک لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەم یاسایە زۆر کەم دەبێت. دەکرێت گۆشەگیری لەڕێگەی سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەوە پێناسە بکرێت کە ئامانجیان دانان ئاستەنگە لەبەردەم چارەسەری کێشەی کورد، هاوشان لەگەڵ ڕەهەندی ئەمنی و سیاسەتی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. ڕۆڵ و ئەرکی جڤاکی_مێژوویی بەڕێز ئۆجالان لە چارەسەری کێشەی کورددا، هۆکاری سەرەکی گۆشەگیرییە. لەگەڵ گۆشەگیری ئیمراڵی، قەیران و کێشەی کوردی تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، ئومێدی سیاسەتی دیموکراتیک و بەدیهێنانی ئاشتی بۆ گەل لەناودەچێت.

پێویستە گۆشەگیری کۆتایی بێت

بەم هۆکارانە، ئەم گۆشەگیرییە هەموو یاسا نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات، بەتایبەت یاساکانی قەدەغکردنی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ کە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی پشتگوێ دەخرێت کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێکهات، پێویستە ئەم گۆشەگیرییە کۆتایی بێت و مافە یاساییە بنەڕەتییەکان دەستەبەر بکرێن، بەتایبەت مافی دیداری پارێزەران. ئەگەر ڕاپۆرتی (سی. پی. تی.) بەڕاستی جێبەجێ بکرێت، ئەوکات دەبێت لەم ڕووەوە هەنگاو بنرێت و بڕیارەکانی لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەچاوبکرێت و سنوورێک بۆ سیستەمی گۆشەگیری دابنرێت".