جارێكی دیكه‌ "سزای دیسپلین" به‌سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد دا سه‌پێنرا

ده‌ركه‌وت جارێكی دیكه‌ "سزای دیسپلین" به‌سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان دا سه‌پێنراوه‌، به‌ڵام كاتی سه‌پاندنی ئه‌و سزایه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌.

ڕۆژی ١٠ی ته‌مووز، بنه‌ماڵه‌كانی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیكه‌ی ئیمراڵی عومه‌ر خه‌یری كۆنار، حامیلی یڵدرم و وه‌یسی ئاكتاش كه‌ له‌ زیندانی ئیمراڵی له‌ ژێر گۆشه‌گیرییه‌كی دژواردان، بۆ پێشكه‌ش كردنی داواكاری دیدار، سه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی سزای بورسایان كرد.

ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، كه‌ ڕۆژی ١٨ی ته‌مووز داواكارییه‌كه‌ی ڕه‌تكردبووه‌وه‌، ڕایگه‌یاند، "سزای دیسپلینی نوێ" به‌سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیكه‌ سه‌پێنراوه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی ٣ ساڵه‌ ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ دیدار له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌ره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.

ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، ڕۆژی ١٩ی ته‌مووز بڕیاره‌كه‌ی به‌ پارێزه‌ران ڕاگه‌یاندووه‌ و هیچ زانیارییه‌كی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی "سزای دیسپلین" چ كاتێك و به‌ چ پاساوێك سه‌پێنراوه‌، نه‌خستووه‌ته‌ڕوو.

له‌ ڕۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ه‌وه‌ تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان به‌رده‌ست نییه‌.

ژ.ن