جموجۆڵی داعش لە عێراق زیاتر دەبێت
جموجۆڵی چەتەکانی داعش لە ناوچە جێ ناکۆکەکان زیاتر بووە. لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا بۆ سەر سەرگەڕانی قەرەچوغ لانیکەم ٣ سەرباز کوژراون و ٢ی دیکەش برینداربوون.
جموجۆڵی چەتەکانی داعش لە ناوچە جێ ناکۆکەکان زیاتر بووە. لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا بۆ سەر سەرگەڕانی قەرەچوغ لانیکەم ٣ سەرباز کوژراون و ٢ی دیکەش برینداربوون.
هێرشەکانی داعش بۆ سەرناوچە جێی ناکۆکەکان لەماوەی رابردوودا زۆر زیادیان کردووە. داعش شەوی رابردوو لەناوچەی سەرگەڕانی چیای قەرەچوغ هێرشی کردەسەر سەربازانی سوپای عێراق و شەڕ روویدا.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کەوتوون، لەشەودا بۆمبێک بە سەربازانی لیوای ٥١ی فرقەی ١٤ی عێراق تەقیوەتەوە و دواتر شەڕەکە هاتووەتە ئاراوە.
زانرا کە هێرشەکە لەناوچەی سەرگەڕان روویداوە و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ٣ سەرباز کوژراون ٢ی دیکەش برینداربوون. بەهۆی هێرش و مەترسییەکانەوە ئەو ناوچەیە بەشێکی چۆڵ کراوە.
شایەنی بیرهێنانەوەیە کە لە ماوەی رابردوودا جموجۆڵ و هێرشەکانی داعش لەو ناوچانە زیاتر بووە.
چەندین جار چەتەکان هێرشیان کردووە
٤ی کانونی یەکەم چەتەکانی داعش لە ئاجیکەند وقەڵاتی سۆران کە دەکەونە چیاکانی قەرەچوغ دەستیان بە جموجۆڵ کردبوو و سوپای عێراقیش هەستی پێکردبوو، تۆپبارانیان کرد و لە دژی ئەوان ئۆپراسیۆنیان دەست پێکردبوو. بە گوێرەی زانیارییەکان ژمارەیەک چەتە کوژرابوون.
٧ی کانونی یەکەم سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاندبوو کە لە سەرلەبەیانیدا هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی عێراق بە فڕۆکەی بێفرۆکەوان ئۆپراسیۆنێکیان لە چیای حەمرین ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا ٨ چەتەی داعش کوژراون.
لە دوایین نمونەدا لە گوندی سەفەری ریازی سەر بە کەرکوک لە کاتی تێپەڕبوونی کاروانێکی پۆلیسی عێراق چەتەکانی داعش مینێکیان تەقاندەوە و لانیکەم ٨ پۆلیس کوژران و ٢ی دیکەش برینداربوون.
سەرباری ئەوەی دەیان جار لەو هەرێمانە چەتەکانی داعش هێرشیان ئەنجامداوە، نە حکومەتی عێراق و نە هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە پەدەکەش نەیانتوانیوە هێرشەکان رابگرن و کۆتاییان پێبهێنن.
هـ . ب