بە دیمەن

جیک بانگەوازی بۆ گردبوونەوەکەی کۆڵن کرد

شەوکەت چاکر، سەرۆکی گشتیی کۆمەڵگەی ئیسلامی کوردستان (جیک) بانگەوازی لە گەل کرد بەشداریی لە گردبوونەوەکەی شاری کۆڵن-ی ئەڵمانیا بکەن، کە بەبۆنەی ١٠٠ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانییەوە ئەنجامدەدرێت.

شەوکەت چاکر، سەرۆکی گشتیی جیک بانگەوازی بۆ کوردستانیانی ئەوروپا کرد کە بەشداریی گردبوونەوەکە بکەن. چاکر وتی، "سەد ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هاوڕێکانیدا تێپەڕ دەبێت. میراتی ڕاپەڕینەکەیان ڕێنیشاندەری گەلی کورد  دەبێت."

چاکر ئاماژەی بەوە کرد، شێخ سەعید بەر لە لەسێدارەدانی وتی، "من دەزانم کە ئێوە من لە سێدارە دەدەن، بەڵام ئێوەش بزانن کە نەوەکانمان تۆڵەمان دەکەنەوە" و باسی لەوە کرد کە ئەم وتەیە بووە دروشمی سەدساڵەی گەلی کورد.

چاکر وتی، "گەلی کورد سەدان هەزار ساڵ باجی دا، قوربانی دا، بەڵام سەری نەوی نەکرد" و ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە خاوەندارێتیی ئەم مێژووە بکەین.

چاکر باسی لەوە کرد، وەکو جیک ئەوان لە ئەوروپا مزگەوتێکیان بەناوی شێخ سەعیدەوە کردووە، تا ئێستا گەلێک چالاکیی یادکردنەوەیان ئەنجام داوە، بەڵام بەرنامەی ئەمساڵ 'مێژوویی'ـە. چاکر وتی، "ئێمە ئەمساڵ تەنها یادێک ساز ناکەین، بەڵکو هەستی بەرخۆدان لەخۆماندا بەرزدەکەینەوە."

چاکر لە درێژەی قسەکانیدا وەبیری هێنایەوە هاوشێوەی شێخ سەعید، ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٩ـی حوزەیران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و گوتی، "ئەمە ڕێکەوت نییە، پەیامێکی سیاسییە". چاکر گوتیشی "دەوڵەت دەیەوێت سزای هەر کەسێک بدات کە بەناوی گەلی کوردەوە داوای ماف و سەرکردایەتی بکات، پێویستە گەلی کورد لەپێناو سەرکردەکانی و مێژووی خۆی لەبەرامبەر ئەمەدا بوەستێت".

چاکر داوای لە گەلی کورد لە چوار پارچەی وڵات و بە تایبەتی کوردانی ئەڵمانیا و ئەوروپا کرد، بەشداری گردبوونەوەکەی کۆڵن بکەن.