کاندیدکردنی هۆشیار زێباری بۆ پستی سەرۆک کۆمار لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە، دادوەرێکش دەڵێت:" هۆشیار زێباری تۆمەتبارە بە گەندەڵی ناتوانێت خۆی کاندید بکات".
پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، کە پێشتر بانگەشەی جێابوونەوەی لە عێراق دەکرد و داوای دەکرد عێراق ببێتە دراوسێەکی باش، بەڵام ئێستا لە پێش هەموو لایەنە سیاسییەکانی تری کوردەوە هەڵپەی ئەوەیەتی پۆست و ئیمتیازات لە عێراق بە دەست بێنێت.
بەبێ گەڕانەوەی بۆ لایەنە کوردیەکان لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سونەکانی عێراق ڕێکەوتوە و دەیەوێت زۆرترین پۆست و ئیمتیاز بۆ خۆی بەدەست بهێنێت، ئەم ڕێکەوتنەی پارتی لەگەڵ ئەو هێزە سیاسیانەی عێراق دەنگی کوردی لە بەغداد پارچە کردوە و لە پێناو پۆستی زیاتر بۆ حیزبەکەیان.
لە دوایین هەوڵیشی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی زیاتر، پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە) هۆشیار زێباریی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ناساند. ئەوە لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەمیشە ئەو پۆستە پشکی یەکێتی بووە، لە بەرامبەر پۆستی سەرۆکی هەرێم، کە پارتی بەڕێوەی بردوە، لە ئێستادا یەکێتی ئەو پۆستە بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت و کاندیدی بۆ ئەو پۆستەش هەیە.
جێاواز لەوەی یەکێتی ئەو پۆستە بە مافی خۆی دەزانێت کاندیدکردنی هۆشیار زێباری کاردانەوەی لێکەوتۆتەوە و دکتۆر ئیسماعیل نامیق ئەندامی پێشوی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: لە بڕگەی سێیەمی ماددەی ٦٨ی دەستوری عێراقیدا هاتوە:" کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار پێویستە خاوەن ناوبانگێکی باش بێت، هەروەها گەواهی بۆ بدرێت، کە دەستپاکە و ڕێکە و دادپەروەرە و دڵسۆزی نیشتیمانە".
هاوکات ئەو دکتۆرە دەڵیت: "لە بڕگەی چوارەمی هەمان مادەدا هاتووە، نابێت کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار بە تاوانێکی ئابڕوبەر حوکم درابێت." ، بەڵام هۆشیار زێباری ئەو کاتەی وەزیری دارایی بوو لە بەغدا لەسەر دەست پیسی و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات متمانەی لێسەندرایەوە.
دکتۆر ئیسماعیل نامیق ئەوەشی وتوە: پشت بەست بە ڕێکارەکانی پرساندن و متمانە لێسەندنەوەی، دروستە بوترێت: هۆشیار زێباری نە ناوبانگی باشە، نە دەستپاکە، نە ئاکاری ڕێكە، نە دادپەروەرە، ئایە دڵسۆزی نیشتیمانە؟ ئەو یەکێک بوو لە ڕێبەرانی ڕیفراندۆم، بە ئاشكرا داوای پارچە پارچەکردنی عێراقی دەکرد، کەواتە یان ڕێفراندۆمەکە فشە بووە، یان ئێستا ڕاست ناکات، کە دەڵێت دلسۆزی عێراقم.
ژ.ت