خۆشناڤ عه‌تا له‌ یه‌كه‌مین ساڵیادی چالاكییه‌كه‌یدا كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی ساز ده‌كات

خۆشناڤ عه‌تا كه‌ دوو برازایی له‌ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك به‌چه‌كی كیمیایی شه‌هیدبوون، ماوه‌ی ساڵێكه‌ له‌به‌رده‌م ڕێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی چالاكی ئه‌نجام ده‌دات. له‌یه‌كه‌مین ساڵیادی چالاكییه‌كه‌دا كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی سازدەکات.

بڕیاره‌ ڕۆژی ٢٨ی ته‌مووز به‌ بۆنه‌ی یه‌كه‌مین ساڵیادی چالاكییه‌كه‌ی ،خۆشناڤ عه‌تا له‌به‌رده‌م ڕێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی (ئۆ پی سی ده‌بڵیو) كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی ساز بكات.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌ كوردییه‌كان ئاماده‌ ده‌بن و تێیدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی ڕێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك به‌ چه‌كی كیمیایی ناكات؟، ڕاگه‌یه‌ندراو ده‌درێت.

عه‌تا زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ لاهه‌ له‌به‌رده‌م ڕێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی چالاكی ئه‌نجام ده‌دات و تائێستا له‌لایه‌ن هیچ به‌رپرسێكی ئه‌و ڕێكخراوه‌وه‌ وه‌ڵامی نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

ساڵی ٢٠٢٢ ڕێكخرای قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی له‌سه‌ر هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ڕایگه‌یاندبوو، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبكرێت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تۆمه‌ته‌كانی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی، ده‌بێت وڵاتانی ئه‌ندام داوای بكه‌ن.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌یامه‌ خۆشناڤ عه‌تا ڕایگه‌یاند، ئێمه‌ی كورد ٥٠ ملیۆن كه‌سین و ده‌وڵه‌تمان نییه‌. ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌وڵه‌تیان نییه‌، مافیشیان نییه‌؟ توركیا واژۆی له‌سه‌ر بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی كردووه‌، به‌ڵام كاتێك پرسه‌كه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تیان نییه‌، ئه‌م بڕیاره‌ جێبه‌جێ ناكرێت.

ژ.ن