لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەدەکە-ئە هاتووە: "لە ٤ ی ئایاری ١٩٣٧ لە دێرسیم لەلایەن دەوڵەتی قڕکەری تورکەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی گەلی کورد و عەلەوییەکان دەستی پێ کرد. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی فەرمی ١٦ هەزار کەس کوژراون، بەگوێرەی گەلی دێرسیم وەک شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکە ٧٠ هەزار کەس کە زۆربەیان پیر و ژن و مناڵ بوون، کوژراون".
کەجەدەکە-ئە ڕایدەگەیەنێت، ئەم ڕووداوە وەک یەکێک لە دڕندانەترین کۆمەڵکوژییەکان چۆتە نێو مێژووەوە، گەلی دێرسیم بە فیشەک و گازی کیمایی و فڕێدان لە بەرزایی و سوتاندنەوە کوژران. دەیان هەزار کوردی عەلەوی لەلایەن دەوڵەتی قڕکەری تورکەوە کوژران و ئەم ستەمەش هەمیشە وەک پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچەوانی مێژووی دەوڵەتی تورکەوە دەمێنێتەوە.
کەجەدەکە-ئە دووپاتی دەکاتەوە ئەم کۆمەڵکوژییە لای کوردان و گەلی دێرسیم لەیاد ناکرێت و دەڵێت: "گەلی دێرسیم بە تێکۆشانی هەبوون و ئازادی، حیسابی ئەم کۆمەڵکوژییانە لە دەوڵەتی قڕکەری تورک دەپرسێتەوە".
کەجەدەکە-ئە دەڵێت: "دەوڵەتی قڕکەری تورک وەک بەرپرسیاری کۆمەڵکوژییەکە، شەرمەزار دەکەین. دووپاتی دەکەینەوە، بەهۆی ئەم کۆمەڵکوژییانەوە، لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک دەکەین. دژی ئەو هێزە کۆمەڵکوژکەرانەی دەیانەوێت گەلی کورد قڕبکەن، بەپێداگرییەوە درێژە بە تێکۆشان دەدەین".