ئەمڕۆ کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، بە ئامادەبووانی ئەندامەکانی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و نوسینگەکانی ژنان لە پارتە سیاسییەکان و مەجلیسی ئەدلیبی سەوز، ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دوایین زانیارییەکان دەربارەی ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامی کۆمەڵەکە، شەهرەزاد ئەلجاسم خوێنرایەوە، سەرەتا بەناوی دەستەی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا لە ڕەقە و تەبقە و مەنبەج و دەیرەزۆرەوە ڕایگەیاند "ناردنی نامەی هەڕەشەئامێز بەبێ ناو و ناونیشان بۆ ناوەندی خیانەت و ستەمی ئیمراڵی، کارێکی تاوانکارانە و قێزەونە و دژی هەموو یاسا و ئەخلاق و پێوەرەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیییە، بەتوندی شەرمەزاری دەکەین".
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "داگیرکەری تورک بەم کارانە دەیەوێت ئیرادە و هێزمان بخنکێنێت لەڕێگەی هەوڵی ژەهرخوارکردنی ڕێبەر و تێکۆشەر و فەیلەسووف عەبدوڵا ئۆجالانەوە، کە هەموو گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان لەسەر هزر و ڕێبازی وی دەڕۆن".
ڕاگەیاندراوەکە بانگەواز لە هەموو ژنان دەکات: "تێکۆشان بەتینتر بکەن لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان".
هەروەها بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگری لەم کارە نائەخلاقی و تاوانکارییانە، لەگەڵ دڵنیابوونەوە لە ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێگە بدرێت بنەماڵە و پارێزەران سەردانی بکەن.