هاوسەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵگە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (کۆن-مەد)، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی لۆزان کە بڕیارە ٢٢ ی تەمموز بەڕێوەبچێت و دەڵێت: "دەچینە نێو یادی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزانەوە، کە ٢٤ ی تەمموزی ١٩٢٣ لەنێوان زلهێزەکانی ئەوکات و دەوڵەتی داگیرکەری تورک واژۆکرا، کوردستانی کردە چوار پارچە، قڕکردنی کوردی لەگەڵ خۆیدا هێنا، کوردەکان ١٠٠ ساڵ ڕووبەڕووی قڕکردنی چاندی و جەستەیی بوونەوە لەگەڵ ئەم پەیماننامەیەدا".
لە درێژەدا هاتووە: "شێخ سەعید و شێخ ڕەزا و قازی محەمەد و لەیلا قاسمی لەسێدارەدران لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان، لەپێناو شکستهێنان بەم پەیماننامەیە، قڕکردن لە ئامەد و زیلان و قۆچگەری و دێرسیم و ئەنفال و مەهاباد و قامیشلۆ و هەڵەبجە ئەنجامدرا لەلایەن تورکیا و عێراق و ئێران و سوریا، ئەوەش لەڕێگەی سیستەمەکانی پەیماننامەی لۆزانەوە، بۆیە پەیماننامەی لۆزان پەیماننامەی قڕکردنە، کاتی هاتووە بڵێین بەسە بۆ ئەم سیستەمی قڕکردنە!
کوردستان لەڕووی زمان و چاند و پێکهاتەی جیاوازەوە، باخچەی گەلانە؛ کەچی سیستەمی قڕکردنی پەیماننامەی لۆزان هێرش دەکاتە سەر ئاشور و ئەرمەنی و عەلەوی و ئێزدی و نەسیری و چاندەکانی تری کوردستان، کوردەکانیش قوربانی سیستەمی قڕکردنی لۆزانن، پێویستە گەلانی کوردستان لە زمان و چاندە جیاوازەکان، بڵێن بەسە ئەم پەیماننامەیە! چیتر ئەو نەخشانە مانایان نەماوە کە سەد ساڵ پێش ئێستە داڕێژراون، داخوازییەکان لەپێناو ستاتۆیەک بۆ کوردستان ڕێگە دەگرێت لە قڕکردن.
ئێمەی کوردانی ئەڵمانیا، نەبوونی ستاتۆیەک بۆ کوردستان قبووڵ ناکەین، دەڵێین بەسە سیستەمی قڕکردنی پەیماننامەی لۆزان.
بەم بۆنەیەوە، بانگەواز لە هەموو کوردستانیان دەکەین، بەشداربن لە ڕێپێوانی لۆزان لە ٢٢ ی تەمموز لە شاری لۆزانی سویسرا".