رۆكهن ئاكچا و كه‌ره‌م گۆك، هاوسه‌رۆكانی كۆن-مهد له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویانكرده‌وه، له مانگی ئابی ٢٠١٩ه‌وه تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان وه‌رناگیرێت و وتیان: گه‌لی كورد هیچ زانیارییه‌كی له‌باره‌ی دۆخ ته‌ندروستی، سه‌لامه‌تی و باردۆخی ئێستای ڕێبه‌ره‌كه‌یان، عه‌بدوڵا ئۆجالان نییه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵه‌كان، به‌رده‌وامبوونی گۆشه‌گیری و وه‌رنه‌گرتنی زانیاری، نیگه‌رانی ئێمه زیاتر ده‌كات.
هاوسه‌رۆكانی كۆن-مهد ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه، له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه بڵاوكرایه‌وه، كه ده‌ڵه‌تی تورك نامه‌ی بێ ناونیشان و هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی بۆ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان ناردووه و باس له‌وه‌شكرا، ئه‌و ده‌ریده‌خات كه باردۆخی ئیمراڵی دژواره. ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕوونبكرێته‌وه.
جهختیشیانكردووهتهوه، ڕێبه‌ر ئاپۆ كه‌سێكی ئاسایی نییه، هه‌موو ژیانی خۆی له پێناو دۆزی ئازادی كوردستان به‌ختكردووه و خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی ئازادی سهرهدهمیانهیه، فكره‌كانی له‌لایه‌ن ملیۆنان كه‌سه‌وه قبوڵكراوه و بۆ خه‌ڵكی جیهان بۆته مایه‌ی ئیلهام. ڕێبه‌ر ئاپۆ له‌به‌رامبه‌ر شه‌ڕه‌كانی پارچه‌كردن و كۆمه‌ڵكوژكردن له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پارادایمێكی چاره‌سه‌ری پێشكه‌ش كردووه. هه‌ر بۆیه پێویستی به خاوه‌ندارییه‌كی به‌هێز هه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی ڕاگهیهندراوهكهدا هاتووه، ده‌زانین به‌هۆی ئه‌و ڕۆڵه‌ی ڕێبه‌ر ئاپۆ له چاره‌سه‌ری كێشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌تایبه‌تی كێشه‌ی كورد، گێڕاویه‌تی و ده‌یگێڕێت، گۆشه‌گیری توند به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌و گۆشه‌گیرییه له‌سه‌ر هه‌موو توركیا، كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كاریگه‌ری هه‌بووه، هه‌ربۆیه له ئاستێكی به‌رزدا خاوه‌نداریكردن له ڕێبه‌ر ئاپۆ، دۆخێكی به‌هێزتر ده‌هێنێته ئاراوه.
له درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی هاوسه‌رۆكانی كۆن-مهد دا هاتووه، ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆ زانیاریمان له‌باره‌ی ڕێبه‌ر ئاپۆ، دۆخی ته‌ندروستی و ژیانی ده‌ست ناكه‌وێت، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه خاوهنداریكردنمان لێی وه‌ك پێویست نییه. هه‌ربۆیه داوا له گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین چالاكی جۆراجۆری به‌رده‌وام، ئه‌نجام بده‌ن و ده‌ستوه‌ردان له قۆناغه‌كه‌دا بكه‌ن.
له كۆتایی ڕاگهیهندراوهكهدا هاتووه، له‌بیرمان نه‌چێت گۆشه‌گیری و سیستمی ئه‌شكه‌نجه‌ی توند كه له‌سه‌ر ڕێبه‌ر ئاپۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هێرشێكی جینۆسایده بۆسه‌ر گه‌لی كورد. هه‌ربۆیه وه‌ك كۆن-مهد داوا له گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین، له‌مرۆوه به چالاكی بێ وچان په‌ره به تێكۆشان بده‌ن و گه‌شتری بكه‌ن.
ژ.ن