کۆنفرانسی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا لە ٢هەمین ڕۆژدا بەردەوامە

کۆنفرانسی ئینتەرناسیۆنالیستەکانی ئەڵمان بە درووشمی "لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دیدگا و ئاسۆی دیموکراتیک" لە دووەمین ڕۆژدا بەردەوامە.

ئەو کۆنفرانسەی ٢٥ ی کانوونی دووەم دەستی پێ کرد، بە گفتوگۆ و سەرنجی گرنگ لەسەر ڕۆژئاوا بەردەوامە.

لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا بابەتی وەک پارادایمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ و ئایدۆلۆژیای تەڤگەری ژنانی کورد و مێژووی ڕاگەیاندنی کورد و ئیکۆلۆژی و ژنۆلۆژی هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا.

هاوکات دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ژێرخانی وزەی ڕۆژئاوا سەرنجی گرنگ خرایەڕوو.

لە زانکۆی هایدلبێرگ، پرۆفیسۆر د. میشێل هاوس لە دانیشتنی یەکەمی ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکە بە ناونیشانی "بنیاتنانی دامەزراوەی دیموکراتیک" بابەتێکی پێشکەش کرد. باسی گرنگی و ڕێبازەکانی بنیاتنانی دامەزراوەی دیموکراتیک کرا.

بابەتی دووەمیش پەیوەستبوو بە "ئاسایشی ڕۆژئاوا". ئەندامێکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرنجی خۆی خستەڕوو و لەسەر ڕێکخستنی ئەمنی و بنیاتنانی دامەزراوەی دوور لە توندوتیژی زانیاری درا. هەروەها بۆ مسۆگەرکردنی ڕێ و ڕێبازی ئەمنی و ئاشتی و دادپەروەری هەڵسەنگاندن کرا.