شەوی ٢٢-٢٣ ی نیسانی ٢٠٢٤ پۆلیسی بەلژیکا هەڵیانکوتایە سەر ستۆدیۆکانی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر و زیانی مادی زۆری لێ کەوتەوە، لە شارەکانی ئەوروپا بە چالاکی جیاواز هێرشەکە شەرمەزارکرا.
ستراسبۆرگ
لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا کوردان و دۆستەکانیان چالاکیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.
لە چالاکییەکەدا پانکارتی "دیکتاتۆرەکان چاپەمەنی بێدەنگ دەکەن" و "هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورک لە کوردستان ڕابگرن"، هەروەها پانکارت بە لۆگۆی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر و لافیتەی "دەستتان لە چاپەمەنی ئازاد دووربخەنەوە" بەرزکرایەوە.
لەسەر ناوی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی ستراسبۆرگ وەلی تەکینەر ڕایگەیاند ئەم هێرشانە بەردەوامی هێرشی قڕکردنی دەوڵەتی تورکە بۆ سەر گەلی کورد، گوتی: "فەرەنسا و بەلژیکا لەپێناو بەرژەوەندییە کورتخایەنەکانیان، مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادی بیرکردنەوەیان کردە قوربانی".
هەروەها بانگەوازی لە فەرەنسا کرد کۆتایی بەو سیاسەتە پووچە بهێنێت لە دژی کوردان کە زیان بە شکۆی نێونەتەوەیی وڵاتەکە دەگەیەنێت، داوای یەکگرتنی لە ڕێکخراو و کۆمەڵە سیاسییەکان کرد.
هامبۆرگ
لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی دەکتەم گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لە چالاکییەکەدا پارێزەری مافەکانی ژنان، ئانژا فلاخ ڕایگەیان هێرشەکان بۆ سەر چاپەمەنی کوردی بە ئامانجی شاردنەوەی ڕاستیەکانە، بەم هەنگاوە مافی زانیاری وەرگرتنی کوردان پێشێل دەکرێت و ئەمە قبووڵ ناکرێت.
هەروەها ڕایگەیاند هاوکات لەگەڵ هێرشەکە، دەوڵەتی تورک هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەست پێ کردووە، بەڵام سەرەڕای سیاسەتی قڕکردن و داگیرکاری، گەلی کورد هەرگیز بێدەنگ نەبووە و هەمیشە لە گۆڕەپانەکان دەبێت.
پەرلەمانتاری پارتی چەپی هامبۆرگ، نۆربێرت هاکبوخ ڕایگەیاند وەک پارتی چەپ لایەنگری چارەسەری سیاسیی پرسی کورد دەکەن، پشتگیری لە داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد دەکەن.
ستۆکهۆڵم
بۆ هەمان مەبەست، کوردان و دۆستەکانیان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید چالاکییەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، چالاکوانان پانکارتی "چاپەمەنی کورد بێدەنگ ناکرێت" و دەستتان لە چاپەمەنی ئازاد دووربخەنەوە"یان بەرزکردەوە، دەمی خۆیان بە تێپی ڕەش بەستبوو.
لە چالاکییەکەدا ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە، جەختکرایەوە دامەزراوە کوردییەکانی بەلژیکا بەپێی یاسا دەجووڵێنەوە و ئەم هێرشە هیچ پاساوێکی نییە، بەڵکو گرێدراوە بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورک هاکان فیدانەوە، دەڵێن: "ئێمە وەک ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی سوید، هێرشەکەی پۆلیسی بەلژیکا دژی ئازادی چاپەمەنی شەرمەزاردەکەین و بانگەواز لە حکومەتی بەلژیکا دەکەین، بەگوێرەی یاسا و ڕێسا نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان بجووڵێتەوە".
پاریس
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، تاوانبارکردنی کوردان و هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی کورد شەرمەزارکرا.
گەل لەسەر بانگەوازی جەدەکە٠فە و تەژەکە-فە کۆبوونەوە و سەرەڕای باران ڕێپێوانیان کرد، چەندین پەرلەمانتار و ئەندامی مەجلیسی شارەوانی فەرەنسی بەشداربوون.
لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "ئازادی بۆ کوردستان" و "فشار نامانترسێنێت" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە، سروودی چەرخی شۆڕش خوێنرا و بڵاوکراوەکان دابەشکران.
پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، هاوسەرۆکی جەدەکە-فە شاهین پۆڵات ڕایگەیاند تاکە ڕۆژەڤی کورد "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ستاتۆ بۆ کوردستانە"، ئەم هەڵمەتە ترسی خستۆتە دڵی کۆماری تورک، دەست بۆ هەموو شتێک دەبات لەپێناو ئاستەنگکردنی هەڵمەتەکە، بەڵام ئێمە ڕادەست نابین و ملکەچی پەیماننامەی لۆزان نابین، گوتی: "ئەم بەرخۆدانە تا ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و ستاتۆ بۆ کوردستان بەردەوام دەبێت. هیچ ڕێبازێک لە فەرەنسا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوین، ناتوانێت پاشەکشەمان پێ بکات. لێرە بەدواوە بە دەنگێکی بەرز و بەرخۆدانێکی مەزن و پێداگرییەوە، تێکۆشان دەگەیەنینە ئاستێکی بڵند".
پاشان گەنجان لە وێستگەی میترۆ و شەقامەکان بەردەوام بوون لە بەرزکردنەوەی درووشمەکان.