"لە ٥ زیندان، گۆشەگیری گەیشتۆتە بەرزترین ئاست"

هەریەک لە کۆمەڵەی پارێزەران لەپێناو ئازادی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، کۆمەڵەی پشتیوانی ماڵباتی زیندانیان و دەستبەسەران و سەندیکای وان، ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە پێشێلکارییەکان لە وان و خەڵات، دەڵێن: "گۆشەگیری گەیشتۆتە بەرزترین ئاست".

کۆمەڵەی پارێزەران لەپێناو ئازادی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، کۆمەڵەی پشتیوانی ماڵباتی زیندانیان و دەستبەسەران و سەندیکای وان، ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە پێشێلکارییەکان دژی زیندانییەکان لە وان و خەڵات.

ڕاگەیاندراوەکە لە هۆڵی کۆنفرانسی تاهیر ئەلچی سەر بە سەندیکای وان، لەلایەن ئەندامی لقی وانی کۆمەڵەی پارێزەران لەپێناو ئازادی، ساڤاش ئاڤچی خوێنرایەوە.

ساڤاش ئاماژەی کرد بە داواکارییەکان و گوتی: "لە بەرواری جیاواز داواکاری پێشکەشکراون. لە زیندانی توندی تیپی F ی وان، زیندانی تیپی T وان، زیندانی تیپی A ئەردیش، زیندانی تیپی T خەڵات، چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانیان کراوە". 

ساڤاش ڕوونی کردەوە، زیندانیانی تیپی F ی وان ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی دەبنەوە و گوتی: "ڕێکاری جیاواز لەلایەن ئیدارەی زیندان دەگیرێتەبەر. کاتێک زیندانیان قسە بۆ بەرپرسان دەکەن، لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت. هەفتەی جارێک یان دووجار هەڵدەکوتنە سەر قاوشەکانیان و شتەکانیان دەپشکێنن. هەروەها دەستدەگرن بەسەر کتێبەکانیاندا".

ناهێڵن نەخۆشەکان چارەسەر وەربگرن

ساڤاش ڕایگەیاند، بەرپرسەکان ئەرکی خۆیان بەرامبەر نەخۆشەکان بەجێ ناگەیەنن، گوتی: "ئەو نەخۆشانەی بەدەست ئازاری ددان دەناڵێنن، نابرێنە نەخۆشخانە. هاوکات لەکاتی پشکنینی پزیشکی کەلەپچە دەکرێن. پاسەوانەکان مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجەیان دەکەن لە زیندانێکی تونددا. تەلەفۆنەکان دادەخەن، لەنیوەی شەو گەرمکەرەوە دادەگیرسێنن، فیکە لێدەدەن، بەدەنگی بەرز گۆرانی دەڵێن. کاتی هاتن و چوونیان لەنێو زیندان بە ڕووتی دەیانپشکنن، لەگەڵ پشکنینی نێو دەمیان. هەروەها هەڵدەکوتنە سەر ژوورەکان و شتەکان دەپشکێنن. پاش ٣ هەفتە داوای نەخۆشەکان جێبەجێ دەکەن. دوای ماوەیەکی زۆر دەبرێنە نەخۆشخانە. لەکاتی پشکنینی پزیشکی کەلەپچە دەکرێن. لە تیپی T وان لەکاتی گواستنەوە بە ڕووتی دەپشکنرێن. لەکاتی هەڵکوتانەسەردا شتەکانیان دەستبەسەر دەکەن بەو پاساوەی شتەکان زۆرن.

هەروەها ساڤاش ڕایگەیاند لە تیپی T ی زیندانی خەڵات، زیندانیان ڕووبەڕووی هەمان شت دەبنەوە، گوتی: "ئەو زیندانیانەی ڕەوشیان خراپە و پێویستیان بە دەستوەردانی خێرایە، بۆ چەن هەفتە و مانگ هاوکاری ناکرێن. فیکری تۆغلۆک، ٢٧ ساڵە لە زیندانە، نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنی هەیە و بەهۆی نەبوونی چارەسەر تا دێت ڕەوشی خراپ دەبێت. نازم جاغلاک، نەخۆشی دڵی هەیە و پاڵپشتی زۆرە لە دڵیدا، یەکێک لە گورچیلەکانی وەستاوە، ئەو گورچیلەکەی ٤٠٪ کاردەکات. هاوکات بەهۆی فتقەوە بە زەحمەت دەجووڵێت".

ڕەوشی زیندانی ئەردیش

ساڤاش ڕایگەیاند، لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاوە، زیندانیانی تیپی A زیندانی ئەردیش ناتوانن چالاکییە جڤاکییەکان بکەن، گوتی: "هاوکات ئاوی زیندانەکە بەکەڵکی خواردن نایەت و ئاو دەکڕن. پەخشی کوردی و پەخشی تیڤی ئۆپۆزیسیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامەکان قەدەغەکراون، ژمارەی کتێبەکان بە ٧ بۆ ١٠ کتێب لە زیندان دیاریکراون. نامەکان کاتی خۆیان ناگەن. نامەکان پاش ٢ بۆ ٣ مانگ دەگەن. هەرگیز نامەی کوردی ناگات".

ساڤاش سەرنج و ئەنجامەکانی وەها ڕاگەیاند:

"* زیندانیەکان ناتوانن لە تیپی T زیندانی ئەردیش بمێننەوە، بەهۆی زۆری شێ، دەبێت دابخرێت.

* دەبێت سنوورێک دابنرێت بۆ ئەشکەنجە. دەبێت زیندانییەکان مافی چارەسەر و ئازادی و ئاسایش و گەیشتی زانیاریان هەبێت.

* دەبێت مافی زیندانییەکان بۆ چالاکی جڤاکی پارێزراو بێت.

* دەبێت گۆڤار و ڕۆژنامە و وتار و پەخشی تیڤییەکان بگەنە زیندانییەکان.

* دەبێت ئەو زیندانییانەی نەخۆشی مەترسیداریان هەیە ببرێنە نەخۆشخانە و بەربەستەکانی چارەسەر لاببرێن. دەبێت وەزیری داد ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت".