لە کۆبوونەوەی دەم پارتی و جەهەپە پەیامی تێکۆشانی هاوبەش و دژایەتی قەیوم درا
لە کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی دەم پارتی و سەرۆکی گشتی جەهەپە تیشکخرایە سەر تێکۆشانی هاوبەش و پەیامی دژایەتی قەیوم درا.
لە کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی دەم پارتی و سەرۆکی گشتی جەهەپە تیشکخرایە سەر تێکۆشانی هاوبەش و پەیامی دژایەتی قەیوم درا.
هاوسەرۆکانی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان لە ناوەندی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەگەڵ سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوە. پاش کۆبوونەوەیەکی ٢ کاتژمێری، ڕاگەیاندراوی هاوبەشیان دا.
هاوسەرۆکی جەهەپە ڕایگەیاند ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و کێشە و قەیرانەکانی دیموکراسی لە تورکیایان تاوتوێ کردووە، هەروەها سەرۆکی پەرلەمان سەردانی پارتەکان و سەرۆککۆماری کردووە، لەم کۆبوونەوەیەدا دید و بۆچوونەکان دەربارەی ئەم دانوستانانە خراونەتەڕوو.
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان تیشکی خستەسەر گرنگی دیالۆگ و دانوستان، ڕایگەیاند قەیرانەکانی تورکیا بە نزیکایەتی دەسەڵات چارەسەر ناکرێن بەڵکو قووڵتر دەبنەوە، کێشەی جیدی پەیوەست بە ئازادی و دیموکراسی هەن.
باقرخان ڕایگەیاند وەک هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ڕۆژانی ئایندەدا زیاتر لێک نزیک دەبنەوە و هەوڵ دەدەن پرسەکان بە دیالۆگ و دانوستان چارەسەر بکەن، هاوکات تیشکی خستەسەر ئەو ئەرکە مەزنانەی دەکەونە ئەستۆی پارتێکی وەک جەهەپە.
باقرخان جەختی کردەوە، قووڵبوونەوەی قەیرانەکان وا دەخوازێت ئۆپۆزیسیۆن بوێرانەتر ڕۆڵ بگێڕێت؛ ئەوانیش لەم ڕووەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند بەداخەوە تا ئێستە سیاسەت کاری بۆ دابەشکردنی جڤاک کردووە، هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکان بەرپرسیارێتییان خستۆتە ئەستۆی هەمووان، گوتی: "بۆیە دەبێت پێکەوە بۆ کۆمارێکی دیموکراتیک خەبات بکەین".
پاشان سەرۆکی گشتی جەهەپە، ئۆزەل تیشکی خستەسەر هەوڵی زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان و ڕایگەیاند ئەم هەوڵە بووە مایەی بریندارکردنی دیموکراسی لە تورکیا، بەڵام پشتیوانییەکی گرنگ پیشاندرا و ڕێگە لەو هەڵەیە گیرا، گوتی: "دڵخۆشم هێشتا کاری قەیوم نەسەپێنراوە".