بە دیمەن

لە کەلار فیستیڤاڵی پاییزە کرایەوە

ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلار لە لایەن گروپی چاوی سلێمانی، فیستیڤاڵی پاییزە بە بەشداری ٥٠ کەس کە زۆرینەی ژنە کرایەوە.

ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە لایەن گروپی چاوی سلێمانی سەر بە کۆمەڵەی هونەری میللی سلێمانی فیستیڤاڵی پاییزە کرایەوە، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە فیستیڤاڵەکەدا ٥٠ کەس بەشدارییان کردووە، ڕێژەی ژنان لە فیستیڤاڵەکەدا زۆرینەیە.

'ڕێژەی ژنان لە فیستیڤاڵەکە زۆرینەیە'

سەرۆکی گروپی چاوی سلێمانی کارزان حسێن سەبارەت بە فیستیڤاڵەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا باسی لە کار و چالاکی و بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە کرد وتی: "ئێمە وەکو گروپی چاوی سلێمانی سەر بە کۆمەڵەی هونەری میللی سلێمانی، لە درێژەی کار و چالاکییەکانماندا بە مەبەستی بازاڕکردن هەستایین بە کردنەوەی فیستیڤاڵێک لە شاری کەلاردا کە پەنجا کەپر لە خۆی دەگرێت.

بەشداربووان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سلێمانی و هەڵەبجەوە هاتوون، زۆرینەی کارەکانیان کاری دەستی و کلتووریین. هیوادارم خەڵکی شاری کەلار بە گڕوتینێکی گەرمەوە سەردانی فیستیڤاڵەکە بکەن بۆ ئەوەی هەموومان لێرە خزمەتی شاری کەلار بکەین".

'ئەرکی فیستیڤاڵەکە لە ئەستۆی خۆمانە'

لە کۆتایی قسەکانییدا کارزان حسێن باسی لەوە کرد لەم فیستیڤاڵە نرخەکان گران نەکراون و زیاتر لە خزمەتی گەلدان و گوتی: "هیچ کاتێک نرخەکانمان گران نەکردووە، ئێمە لەسەر ئەرکی خۆمان ئەم کارەمان گرتۆتە ئەستۆ، ئێمە تەنها تێچووی فیستیڤاڵەکەمان لە خاوەن کەپرەکان وەرگرتووە. نەک وەکو بازرگانی کردن بە کاری بهێنین".