خەڵکی حەلەب دژی گۆشەگیری ڕێپێوانیان کرد

سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە و قڕکردنی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە حەلەب بە ڕێپێوانێک شەرمەزار کرا.

لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ شەرمەزارکردنی سیستەمی ئەشکەنجە و قڕکردنی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ_دەم) لە حەلەب بە بەشداری خەڵکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕێپێوانێکی ئەنجامدا.

ڕێپێوانەکە لەبەردەم هۆڵی ٨ ی ئادار لە گەڕەکی شێخ مەقسود بە بەرزکردنەوەی وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پانکارتی "ناتوانن ڕۆژەکەمان تاریک بکەن" دەستی پێ کرد.

لە گۆڕەپانی جەبانەتا ڕێپێوان گۆڕا بۆ گردبوونەوە، هاوسەرۆکی تەڤ_دەم لقی حەلەب، میری شبلی گوتی: "ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە بەرخۆدانی خۆی مێژووی نووسی و فیکری ئازادی ئەو، نیشانەکانی پاشەڕۆژی هەرێمەکەی گۆڕی و تەواوی پیلانگێڕییەکانی دژی ئازادیخوازان شکست پێ هێنا".

هەروەها گوتی: "خەڵکی دوو گەڕەکەکە بۆ پاراستنی فیکری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و خەبات بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ئەو، ئامادەن گیانیان فیدا بکەن".

بەڕێوەبەری مەجلیسی گشتی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە تیشکی خستەسەر بەردەوامی گۆشەگیری ئیمراڵی بەدەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوکارانی، گوتی: "بەڵام ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەڕێگەی بەرخۆدانەوە هەموو پلانەکانی تێکشکاند، بۆیە گەل تا بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی لە گۆڕەپانەکان دەبن".

ڕێپێوانەکە بە درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.