'گەلی کورد خاوەن مێژووییەکی پڕ بەرخۆدانە، دەبێت ئاگاداری مێژووی خۆمان بین'

خوێندنەوە سەرچاوەی وشیارکردنەوەی مرۆڤە بەتاینەتی بۆ گەلێکی وەک کورد کە رووبەڕووی تواندنەوەی کولتوری بووەتەوە، مامۆستایانیش وتیان: "'بۆ ئەوەی ئاگاداری مێژوو و ئەدەبیاتی خۆمان بین پێویستمان بە خوێندنەوە هەیە."

بە هۆی کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و درووستکردنی چەندین قەیران لە لایەن دەسەڵاتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ لە باشووری کوردستان خوێندنەوەی پەرتووک بەرەو پاشەکشە دەچێت، بەشێک لە دەزگا ڕۆشنبیرییەکانیش زیاتر گرنگی بەو پەرتووکانە دەدەن کە وەرگێڕانن یاخود کەمتر کاریگەرییان لەسەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەیە، سەبارەت بە کولتووردنی خوێندنەوە، هەریەک  مامۆستایان؛ سامان محەمەد و هەرێم نەسرەدین بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

'گەلی کورد خاوەن مێژوویەکی پڕ بەرخۆدانە، دەبێت ئاگاداری مێژووی خۆمان بین'

هەرێم نەسرەدین باسی لەوەکرد خوێندنەوە گرنگ و بایەخدارە بۆ مرۆڤ، بۆ ئاشنابوون بە مێژوو و کەسێتی خۆی پیویستە مرۆڤ بخوێنێتەوە، گوتی: "خوێندنەوە بیری مرۆڤ فراوان دەکات، کاریگەری لە سەر هزری دروست دەکات بۆ خۆبوون و خۆ ڕەخنەکردن بۆ بەرەپێشچوون.

هەموو گەلێک خاوەن مێژوویەکی تایبەت بە خۆیەتی، نابێت لە مێژوو بێئاگابیین و پێویستە بیخوێنینەوە بە تایبەت ئێمەی گەلی کورد خاوەنی مێژژویەکی پڕ شکۆمەندی و سەروەری و تێکۆشانین، هەربۆیە پێویستە ئاگاداری مێژووی گەلەکەی خۆمان بین."

'بۆ چارەسەری هەموو کێشەیەک پێویستمان بە خوێندنەوە هەیە'

لە کۆتایی قسەکانییدا هەرێم نەسرەدین باسی ئەوەشی کرد کە گرنگە لە سەرجەم بوارەکاندا مرۆڤ بخوێنێتەوە، خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەبێت گرنگی بە خوێندنەوە بدەن و وتی: "بۆ ئەوەی کێشە ڕۆژانەییەکان و ئەو ڕووداوانەی ڕۆژانە ڕوودەدەن کاریگەری خراپمان لە سەر جێنەهێڵن دەبێت بخوێنینەوە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بکەین و کێشەکانیش چارەسەر بکەین."

'بۆ ئەوەی ئاگاداری مێژوو و ئەدەبیاتی خۆمان بین پێویستمان بە خوێندنەوە هەیە'

پاشان سامان محەمەد باسی لەوەکرد بۆ ئاگاداربوون و لە مێژووی گەلی کورد و گەلانی تر ئەوەی پێویستمان بێت کتێب و خوێندنەوەیە بۆ وشیاری و ئاگاداربوون لە ئەدەبیاتی خۆشمان، گوتی: "لە ڕاستییدا ناکرێت گەلێک ئاگاداری مێژوو و ئەدەبیاتی خۆی نەبێت.

بۆ ئەوەی ئاگاداری مێژوو و ئەدەبیات بین دەبێت لە ڕێگەی کتێبەوە پێی بگەین، بۆ ئەوەی ئاشنای مێژوو و ئەدەبیاتی خۆمان بین. بۆیە زۆر پێویستمان بە خوێندنەوە هەیە بۆ بەرەپێشچوون، بۆیە هیوادارام تاکەکانی کۆمەڵگە گرنگی بە کتێب و خوێندنەوە بدەن."

'ناکرێت مامۆستا بیت و کتێب نەخوێنیتەوە'

لە کۆتایی قسەکانییدا سامان محەمەد ئاماژەی بەوەکرد ناکرێت مامۆستا نەخوێنێتەوە، لە کاتێکدا مامۆستا ئەرکی فێرکردن و پەروەردەکردنە گەر نەخوێنێتەوە چۆن دەتوانێت فێرخوازەکانی فێربکات، وتی: "ناکرێت مامۆستا بیت و گرنگی بە بوارەکەی خۆت نەدەیت و لە سەری نەخوێنیتەوە، هەر مامۆستایەک لە هەر بوارێک بێت پێویستی بە خوێندنەوە هەیە بۆ شارەزابوون لە بوارەکەی خۆییدا.

لە ئێستادا کە سەردەمی پیشکەوتن و تەکنەلۆژیایە ئاسانکاری زۆرکراوە بۆ مامۆستایان بۆ ئەوەی زیاتر خۆیان بەرەپێش بەرن لە بواری خۆیاندا. هەربۆیە ڕەوا نییە مامۆستایان نە خوێننەوە و گرنگی بە کتێب نەدەن."