بە دیمەن

لە کەلار مەراسیمی ناساندنی کتێبی "پەروەردەی زهنی" بەڕێوەچوو

لە شارۆچکەی کەلار مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبێکی نوێ بە ناونیشانی "پەروەردەی زهنی" بۆ نووسەری کتێبەکە ئەنجامدرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی کەلار لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، مەراسیمی ناساندن بۆ کتێبی "پەروەردەی زهنی" ئەنجامدرا و لەلایەن محەمەد بەکر، نوسەری کتێبەکەوە ناساندن بۆ کتێبەکە کرا، کتێبەکەش باس لە کێشە زهنییەکان دەکات نوسەر لە کتێبەکەدا کێشەکان و چارەسەری دەخاتە ڕوو. سەبارەت بە کتێبەکە محەمەد بەکر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

لە سەرەتایی قسەکانییدا نوسەر محەمەد بەکر باسی لەوەکرد کتێبەکەی لە ١٧ پێڕست پێکدێت و گوتی: "لە کتێبەکەدا هەوڵمداوە پێناسەیەکی گشتگیر بۆ پەیڤی زیهنیەت بکەم بۆ ئەوەی بۆ خوێنەرانی کتێبەکە ڕوونبێت چونکە تاوەکو ئێستا تێگەشتن و ئاشنا بوونێکی ئەتۆ لەسەر زهن نییە.

هاوکات ویستوومە لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە قەیران و گێژاوەکانی مرۆڤایەتی، کێشە نەتەوەی و سیاسیی و ژینگەی و خێزانییەکان هتد..... گرێبدەم بە کێشە زهنییەکانەوە. لە خاڵێکدا ئاماژەم بەوەکرد کێشەی زهنی چەقی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتین."

'باسم لە پەروەردەی زهنی و شۆرشگێڕبوون کردووە'

وتیشی: "لە تەوەرەکانی تردا هەوڵمدا رێگەی چارەسەری دابنێم کە ئیمە چۆن بتوانین خۆمان پەروەردە بکەین لە ڕووی زهنییەوە. باسم لە پەروەردەی زهنی و شۆرشگێڕبوون کردووە، چۆن شۆڕش مەرجی سەرەکی زهنە؟ چونکە هەموو شۆڕشێک بۆ ئەوەی بە گەردوونی ببێت و بە ئازادی و دادپەروەری و سۆسیالیستی بگات دەبێت پەروردەی زهنی بەبنەما بگرێت."

'مرۆڤەکان پێویستیان بە یەکێتی زهنی هەیە'

لە کۆتایی قسەکانییدا نوسەر محەمەد بەکر ئاماژەی بەوەکرد مرۆڤ چەند هەڵگری هۆشیاری و ئایدۆلۆژیا بێت ئەگەر نەتوانێت ڕێ و ڕێبازەکەی پەروردە بکات ناتوانێت بگات بە پێشکەوتن و گوتی: "لە کۆتایی کتێبەکەدا ئاماژە بەهەندێک هەڵەی چەمکەکان دەکەم لە پەروەردەدا، بە دەیان خولی پەروەردەیی دەبین و بەرنامەی پەروەردەیی دەبینن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو پەروەردانە بە چەمکێکی هەڵە دەگیرێنەبەر بابەتە زهنییەکان بە ئامانج ناگرن، ئەو جۆرە پەروەردانە مرۆڤی چەقبەستوو و خوبەزلزان و خۆپەرەست دروست دەکات. مرۆڤێک دروست ناکات بە دەم ئازادی و یەکسانییەوە بێت.

کۆی کتێبەکە پێمان دەڵێت مرۆڤەکان پێویستیان یەکێتی زهنی هەیە ئەو یەکێتییە زهنیەش لە میانی هاوڕێتی و هەڤاڵێتیەوە ئەنجام گیردەبێت."

مەراسیمەکە بە پرسیار و وەڵام و دابەشکردنی کتێبەکە بە واژۆی نوسەرەوە بە کۆتایی هات.