٦ شەڕڤانی یەبەشە بە مەراسیمێک یادکرانەوە

٦ شەڕڤانی یەبەشە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ٢٤ ی تشرینی یەکەمی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهیدبوون، لە گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان بە مەراسیمێک یادکرانەوە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٤_٢٥ ی تشرینی یەکەم بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر شەنگال و ٦ شەڕڤانی یەبەشە شەهیدبوون، ئەمڕۆ لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگالەوە ٦ شەهیدەکە لە گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان بە مەراسیمێک یادکرانەوە. بنەماڵەی شەهیدان و دامەزراوە و ڕێکخراوەکان و سەدان خەڵکی شەنگال بەشداری مەراسیمەکە بوون.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، لەسەر ناوی فەرماندەیی یەبەشە، ڕێبەر فەقیر ڕایگەیاند هەڤاڵەکانیان لەپێناو ڕێگری لە فەرمان و پاراستنی کۆمەڵگەکەیان چەکیان هەڵگرتبوو، تیشکی خستەسەر ئامانجی هێرشەکان و گوتی: "دەیانەوێت ئەم کۆمەڵگەیە بێ هێز و پاراستن بمێنێت و دەوڵەتی تورک پرۆژە عوسمانی نوێ لە هەرێمەکە جێبەجێ بکات. یەبەشە ئەرکی پاراستنی ئەم کۆمەڵگەیەی گرتۆتەئەستۆ. دەبینین ئەو هەڤاڵانەی کاتی فەرمان بۆ پاراستنی گەلەکەیان چەکیان هەڵگرت، دەبنە ئامانجی دەوڵەتی تورک و هاوکارە خیانەتکارەکانیان".

ڕێبەر ڕایگەیاند هیچ ئومێدێکیان بە حکومەتی عێراق نەماوە، چونکە پاش ئەم هەموو هێرش و پێشێلکارییە هێشتا بێدەنگە، گوتی: "بۆیە دەبێت تەنها هیوامان بە گەلەکەمان هەبێت، ئەگەر پاراستنی خۆمان بەهێز نەکەین، کەس ئێمە ناپارێزێت. نەوەک تەنها هێزە سەربازییەکان، پێویستە تەواوی گەل بۆ هەموو هێرشێک ئامادە بێت".

دووپاتی کردەوە، وەک چۆن شەنگالمان ڕزگار کرد، وەهاش دەیپارێزین، گوتی: "ئێمە دەزانین کەسانێک هەن دەستیان لە خوێنی شەهیدان هەیە، لەلایەن پەدەکەوە و میتەوە پەروەردەکراون، داوا لە گەلەکەمان دەکەین ئەو کەسانە لەنێو خۆیاندا نەهێڵنەوە. با هەمووان دڵنیابن، هەرکەس دەستی لە خوێنی هەڤاڵەکانمان هەبێت، باجەکەی دەدات".

وتەبێژی کۆردیناسیۆنی تاژێ ڕیهام حەجۆ ڕایگەیاند یەبەشە ئاستەنگە لەبەردەم پرۆژەکانی دەوڵەتی تورک بۆیە دەکرێتە ئامانج، گوتی: "ئێمە لە سەر هێڵی سەدان شەهید، لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆین. ئەو تێکۆشانەی دەستمان پێ کردووە بە نیوەناچڵ جێی ناهێڵین، ئەم تێکۆشانە دەگەیەنین بە سەرکەوتن".

لەسەر ناوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، خودێدا ئیلیاس ڕایگەیاند دوژمن چاوی بەو پێکەوەژیانە هەڵنایەت لە شەنگال بەدی هاتووە، جەختی کردەوە کاتی ئەوەیە خەونی شەهیدان بۆ یەکێتی گەلان بەدی بهێنن، بەڵێنی دووپاتکردەوە بۆ درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان.

هاوکات بنەماڵەی شەهیدان بانگەوازیان کرد بۆ خاوەنداریکردن لە هێزەکانی پاراستنی جەوهەری. دواتر ناسنامەی شەهیدەکان خوێنرایەوە  و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا. مەراسیمەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی بەرخۆدانی شەنگال" کۆتایی هات.