ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکان: ٥٠١ کەس لە هەرێمە داگیرکراوەکان ڕفێنراون

ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان ڕایگەیاند دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٥٠١ هاوڵاتی لە عەفرینی داگیرکراو و هەرێمەکانی تریان ڕفاندووە.

ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان ڕاپۆرتێکی لەسەر تاوانەکانی ڕفاندن بڵاوکردەوە کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە لە هەرێمە داگیرکراوەکان ئەنجامدراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، گروپە چەکدارەکان بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورک بەردەوامن لە دەستگیرکردن و ڕفاندنی هاوڵاتیان. جگە لەوەش ڕێژەی توندوتیژی و تاوان و ڕفاندن و تەقینەوە و کردەوەی تیرۆرکردن و تەرمی نەناسراو لە هەرێمی عەفرین و سەرجەم هەرێمەکانی باکوری سوریا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکدا زیادی کردووە.

هێزەکانی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک ڕۆژانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و هاوڵاتیان دەڕفێنن بۆ وەرگرتنی فدیە.

گرووپی ناوەندی تۆمارکردن ڕایگەیاند لەگەڵ بنەماڵە و خزمی ڕفێنراوەکان پەیوەندییان بەستووە، دەرکەوتووە ئەم ڕووداوانەی ڕفاندن لەو هەرێمانە، پشت نابەستن بە هیچ فەرمانێکی داواکاری گشتی، زۆربەیان بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکراون. زۆرێک لە کەسە ڕفێنراو و گیراوەکان، هیچ ڕێگەیەک بۆ ئاگاداربوون لێیان بەردەست نییە یان چارەنووسیان نادیارە. هەروەها زۆربەی ئەو تاوانانەی دەدرێتە پاڵ ڕفێنراوەکان بێ بەڵگە و ساختەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٥٠١ هاوڵاتی لە عەفرینی داگیرکراو و هەرێمەکانی تریان ڕفێنراون.