لە پاریس هێرشی چەکداری کرایە سەر کۆمەڵەی کوردان: ٢ کەس ژیانیان لەدەستدا- نوێکراوەتەوە
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا هێرشی چەکداری کرایە سەر ناوەندی کولتووری کورد. راگەیەندرا کە لە هێرشەکەدا ٢ کەس ژیانیان لەدەستداوە، چەندین کەسیش برینداربوون.
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا هێرشی چەکداری کرایە سەر ناوەندی کولتووری کورد. راگەیەندرا کە لە هێرشەکەدا ٢ کەس ژیانیان لەدەستداوە، چەندین کەسیش برینداربوون.
لە ناوەندی کولتوری کورد لە گەڕەکی ساینت دەنیس، هێرشێکی چەکداری ئەنجامدرا.
بە گوێرەی شایەتحاڵەکان کەسێک بە ئۆتۆمبێلەوە چووەتە ئەو شەقامەی کۆمەڵەکەی تێدایە و تەقەی کردووە.
هێرشبەرەکە هەروەها دەستڕێژی گولـلەی لە ریستۆرانتێکی کوردان و کۆفی شۆپێک لەو شەقامە کردووە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی فەرەنسا کە پشتیان بە سەرچاوەکانی پۆلیس بەستووە، لە هێرشەکەدا ٢ کەس ژیانیان لەدەستداوە و ٤ کەسیش برینداربوون.
سەبارەت بە هێرشەکە زانیاری فراوان بڵاونەکراوەتەوە. پۆلیسەکە دەوروبەری کۆمەڵەکەیان گرتووە و رێگەنادەن کەس لە بیناکە نزیک ببێتەوە. لەبارەی دۆخی ناوەوە بینای کۆمەڵەکە زانیاری بەردەست نییە.
شایەتحاڵێک بە کەناڵی میدیاخەبەر تی ڤی راگەیاندووە، "کەسێک هاتە بەردەم کۆمەڵەکە، دەستڕێژی گولـلەی لە ئەو کەسانە کرد کە لەبەردەم کۆمەڵەکەدا وەستابوون". ئەو کەسە باسی لەوەکرد کە دۆخی ٣ لە برینداران دژوارە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانسپرێس سەرچاوەکانی هەواڵ رایانگەیاندووە، کە هێرشبەرەکە دەستگیرکراوە، کەسێکە تەمەنی نزیکەی ٦٠ ساڵە. شایەتحاڵێک باسی لەوەکردووە کە ٧ بۆ هەشت جار تەقە لە کۆمەڵەکە کراوە.
هێرشە لە سەروبەندی دەیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ٣ ژنی شۆڕشگێڕی کورد ئەنجامدرا، کە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆر کرابوون.
سەرۆکی شارەوانی پاریس و یاریدەدەری یەکەمی لە سەر تویتەر بڵاویان کردەوە کە لە بینای شارەوانی ناوچەی ١٠ی پایتەخت ژوورێکی لەناکاوییان بۆ کاروباری پزیشکی- دەروونی پێکهێناوە.
داواکاری گشتی پاریس لە لێدوانێکدا بۆ بی ئێف ئێم تی ڤی وتی، "سەبارەت بە تاوانەکانی توندوتیژی دژوار، کوشتنی بە مەبەست، لێپرسینەوە دەستیپێکراوە". باسی لەوەشکرد کە کەسێکی تەمەن ٦٩ ساڵ دەستگیرکراوە.
هـ . ب