"لە سەدەی نوێدا، یەکێتی نەتەوەیی و تەڤگەری هاوبەش بۆ کوردان گرنگە"

کۆنفرانسی "لە ١٠٠ هەمین ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان، هەڵوێستی گەلی کوردستان"، بە پانێڵی "پەیماننامەی لۆزان و ئەنجامەکانی لە کوردستان" کۆتایی هات. لە پانێڵەکەدا ئاماژەکرا بە گرنگی یەکێتی نەتەوەیی و تەڤگەری هاوبەش لە سەدەی نوێدا.

بەبۆنەی یادی سەد ساڵەی واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزانەوە، کۆنفرانسی "لە ١٠٠ هەمین ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان، هەڵوێستی گەلی کوردستان"، بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە شاری لۆزان بەڕێوەچوو، کۆنفرانسەکە بە پانێڵی "پەیماننامەی لۆزان و ئەنجامەکانی لە کوردستان" کۆتایی هات.

پانێڵەکە بە سەرپەرشتی سەلما ئیرماک و خەلیل خەزەری، تێیدا د. سوهەیلا قادری، مێژووناسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، پرۆفیسۆر نەرمین محەمەد ئەمین لە زانکۆی سەڵاحەدین، محەمەد بایراک نوسەر و لێکۆڵەر وەک وتاربێژ بەشدار دەبن، هەروەها دکتۆر عەبدوڵا مستەفا هاوسەرۆکی کۆمیتەی هەماهەنگی زانکۆکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهۆی وەرنەگرتنی فیزاوە نەیتوانی بەشداربێت.

سەربڵند: ستراتیژێکی نەتەوەیی دابمەزرێنن

پێش پانێڵەکە سەرۆکی پارتی ئیسلامی کوردستان، حیکمەت سەربڵند، پەیوەست بە پەیماننامەی لۆزان، گوتی: "هەموو دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان موسڵمانن. ئەو مافەی بەخۆیان ڕەوا بینی، بە کوردیان ڕەوا نەبینی. کوشتن و کۆمەڵکوژی کوردیان بەڕەوا بینی. هیچ کات باوەڕم بە دەوڵەتە موسڵمانە داگیرکەرەکانی کوردستان نییە".

سەربڵند ئاشکرای کرد، پێویستە گەلی کورد کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستێت و سیاسەتی یەکێتی ئاوا بکات و گوتی: "لە هزر و مێشکی هەر کوردێکدا تێگەیشتنی یەکێتی چێ بووە. ئێمەش وەک پارتە سیاسییەکان دەخوازین گەلەکەمان یەکبخەین. نوێنەرایەتییەکی نەتەوەیی، یەکێتیییەکی ستراتیژی ئاوا بکەین و لەسەر خاکی خۆمان ببینە دەوڵەت".

بەناوی ڕێکخستنی کاوە، حەسەن حوسێن قسەی کرد. ئاماژەی بەوە کرد، پێش ١٠٠ ساڵ، ئەم پەیماننامەیە نکۆڵی لە کورد کرد، بە واژۆی فەرەنسا و ئینگلتەرا و دەوڵەتانی تر، قڕکردنی کوردان سەریهەڵدا و گوتی: "ئەم دەوڵەتانە بەرامبەر کورد تاوانبارن".

ئیرماک: لەپێناو ڕێگرتن لە قڕکردن، بڕیاربدەن

پاشان پانێڵی "پەیماننامەی لۆزان و ئەنجامەکانی لە کوردستان" دەستیپێکرد. پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، سەلما ئیرماک، لە پانێڵەکەدا نرخاندنێکی کورتی کرد و گوتی: "لە لۆزان، ویستیان کورد لەناوببەن، بەڵام کوردان بە بەرخۆدان ئەم هەوڵەیان پووچەڵکردەوە. تاوەکو سەدەی نوێ بە قڕکردن تێپەڕی نەبێ، دەبێت ئەمڕۆ لێرەدا بڕیاری گرنگ بدەین. دەبێت بەڵێن و هیوای خۆمان ئاشکرا بکەین".

پانێڵیستی یەکەم، پرۆفیسۆر نەرمین محەمەد ئەمین عەلی، دەربارەی ڕۆڵی هێزە هەژمووندارە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان لەسەر کوردان قسەی کرد. ئاماژەی بەوە کرد، لە لۆزاندا، لە ئەنجامی هاوکاری هێزە هەژمووندارەکان و دەوڵەتانی هەرێمی پەیماننامەی لەناوبردنی کوردان دەرکەوت، بەم جۆرە کوردەکان بەبێ هیچ ستاتۆیەک مانەوە.

سوهەیلا قادری: لە سەدەی نوێدا، یەکێتییەکی نەتەوەیی بۆ کوردان گرنگە

د. سوهەیلا قادری ڕایگەیاند، پەیماننامەی لۆزان دەرئەنجامی جڤاکی و سیاسی و چاندی و جوگرافی لەسەر گەلی کورد جێهێشت. قادری لەڕێگەی نموونە مێژووییەکانەوە، باسی لە گرنگی یەکێتی نەتەوەیی بۆ کوردان کرد لە سەدەی نوێدا.

محەمەد بایرەکدار: دەبێت گەلی کورد زمانەکەی بپارێزێت

نوسەر و لێکۆڵەر محەمەد بایرەکدار ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە دەرئەنجامەکانی پەیماننامەی لۆزان، کۆمەڵە هەوڵێک بوون بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی.

بایرەکدار دووپاتی کردەوە، پێویستە گەلی کورد زمانەکەی بپارێزێت، ڕۆژانە بە کوردی بدوێت، بەتایبەت تیشکی خستەسەر گرنگی ئاخاوتنی دایکان بۆ مناڵەکەنیان بە زمانی کوردی. داوای کرد، کوردەکان دژی پەیماننامەی لۆزان یەکبگرن.

پانێڵەکە بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان کۆتایی هات. سبەی کۆنفرانسەکە بە پانێڵی جودا بەردەوام دەبێت.