لە شاری لیژی بەلجیکا یادی ڕیزان جاوید بەرز ڕاگیرا

لە مەراسیمێکدا لە شاری لیژی بەلجیکا یادی ڕێزان جاوید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار بەرزڕاگیرا.

یەکێک لە فەرماندە پێشەنگەکانی پەژاک و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار، ڕێزان جاوید (یوسف ڕەبانی)، ڕۆژی ٦ی ئابی ٢٠٢٢ لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە قامیشلۆ شەھید بوو، لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا بە سازکردنی مەراسیمێک لە شاری لیژی بەلجیکا یادی بەرزڕاگیرا.

مەراسیمەکە لە کۆمەڵەی کلتوور و هونەر، بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد. دوای وتاری نوێنەری ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان، سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پەژاک قسەی کرد و وتی: "هەڤاڵ ڕیزان کەسایەتییەکی گەورە و ڕێبەری ئێمە بوو، لە ژیانیدا ڕێچکەی ڕاستی گرتەبەر، بە هەموو هێز و توانایەوە لە هەموو شوێنێک پێشەنگایەتی کرد و خزمەتی بە گەلەکەی کرد. وەک خۆی دەیوت: "گەیشتن بە ئازادی تێچوو و قوربانیدانی دەوێت".

موعینی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بۆ بەدیهێنانی ئامانج و خواستی هەموو شەهیدان، درێژە بە ڕێگاکەیان دەدەین، دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک لە گفتوگۆکردن و دیالۆگ نزیک نابنەوە و ڕەواترین مافەکانی گەلی کورد پێشێل دەکەن. لەدەستدانی هەڤاڵ ڕیزان لەم کاتەدا بۆ ئێمە خەسارێکی گەورە بوو، بەڵام ئەمڕۆ هەزاران ڕیزان ڕێبواری ئەم ڕێگایەن و درێژە بە ڕێگاکەی دەدەن.

لە بەردەوامی مەراسیمەکەدا ڕەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل، وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "شەهیدبوونی هەڤاڵ ڕیزان جاوید بەدڵنیاییەوە خەسارێکی گەورە بوو، بەڵام دەبێت ڕاستی واتای شەهیدان بزانین، بۆ ئەوەی بتوانین ئامانجی شەهیدان بەدی بهێنین. لە هەموو ڕاپەڕینەکانی کورد لە هەر چوار پارچە، دوژمنان کاتێک سەردەکەوتن، کە هێڵی خیانەتیان بەکاردەھێنا، تاکە بزووتنەوەیەک کە لە بەرامبەریدا سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا، ئەو بزووتنەوەیەیە کە باوەڕی بە خۆی و گەلەکەی هەیە، بزووتنەوەیەک کە سەرکەوتنی بۆ خۆی بە بنەما گرتووە و ئەوەش بزووتنەوەی ئاپۆییە. هەر بۆیە شەهیدانی ئەم بزووتنەوەیە جیاوازن لە شەهیدانی هەموو بزووتنەوەکانی دیکە. چونکە پرسی کورد، پرسێکی زۆر گرنگ و دژوارە. راستە بە شەهیدبوونی هەڤاڵانمان، هێزی جەستەییمان کەم دەبێتەوە، بەڵام لە ڕووی ڕۆحییەوە گەورەتر دەبین و گەشە دەکەین. ئەوە ورە و لایەنی ڕوحییەیە کە بزووتنەوە و هیوامان گەشتر دەکات".

ڕەمزی کارتال ھێمای بۆ ئەوەشکرد، "شەهیدان، بە خۆڕاگری و ژیانیان، نموونەی بیر و باوەڕن و دەیگەیەننە بەرزترین ئاست. ھیواتان بە بەرخۆدان ھەبێت، چونکە کات کاتی ئازادیە. کات کاتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە. نابێت ھیچ کەسێک ئەوە وەک خەون دابنێت، چونکە دەوڵەتانی داگیرکەر زیاتر لە هەموو کاتێک تەنگەتاو بوون و گوشاریان لەسەرە. ئەگەر هێڵی بەرخۆدان پێشبخەین، ڕووخانیان مسۆگەر دەکەین و دەتوانین دەوڵەتەکان ناچار بکەن ڕێگا بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ خۆش بکەن. دەبێت بە ھەموو جۆرێک بازنەیەک بەدەوری ڕێبەر ئاپۆ دروست بکەین. ئەگەر کەسێک لە ڕۆژهەڵات یان لە بەشێکی دیکەی کوردستان گیانی بەخت دەکات، کەسێکی دیکە لە شوێنێکی تر درێژە بە تێکۆشانی دەدات. ئەمەش بە واتای لەناچوونی سنوورەکانە و ئەوە دەسەلمێنێت چارەنووسی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەیەکەوە بەستراوەتەوە".

لە درێژەی مەراسیمەکەدا بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیان و تێکۆشانی شەهید ڕیزان جاوید نمایشکرا و مەراسیمەکە بە دروشمی "شەهید نامرن"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی ھات.

ژ.ن