لە شاری زوریخی سویسرا چالاکی بۆ زارا محەمەدی ئەنجامدرا
کورد و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی سویسرا لە شاری زوریخ بۆ زارا محەمەدی چالاکییان ئەنجامدا، کە لەسەر فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان لەلایەن رژێمی ئێرانەوە زیندانیکراوە.
کورد و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی سویسرا لە شاری زوریخ بۆ زارا محەمەدی چالاکییان ئەنجامدا، کە لەسەر فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان لەلایەن رژێمی ئێرانەوە زیندانیکراوە.
لە گۆڕەپانی هیلڤیتیاپلاتز لە شاری زوریخی سویسرا بۆ زارا محەمەدی چالاکییەک ئەنجامدرا، کە لەسەر فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵانی کورد لەلایەن رژێمی ئێرانەوە زیندانیکراوە و سزای ٥ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە. ئەندامانی بنەماڵەی محەمەدی و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.
کانی محەمەدی خوشکی زارا محەمەدی لە چالاکییەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی زارا محەمەدیی کرد. کانی محەمەدی وتی: خوشکەکەی تەواوی ژیانی بەخشیوە بە فێرکردنی زمانی کوردی و وتیشی: "ماوەی ١٢ ساڵە بەبێ راوەستان و بە پێداگرییەوە کۆرس و خولی فێرکردنی زمانی کوردیی دەکردەوە و منداڵانی پەروەردە دەکرد. ئێمە شانازی بە کارەکانی زاراوە دەکەین. زارا دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێت".
عەلی شیمشەک بە ناوی ئەنیستیتۆی زمانی کوردی مافی قسەکردنی وەرگرت و وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "لە هەر چوار پارچەی کوردستان هێرش دەکرێتە سەر زمان، کولتور و ناسنامەی کورد. پێویستە هەموو کورد لە دژی هێرشەکان خاوەنداری لە زمان، کولتور و ناسنامەی خۆیان بکەن".
دوای وتەکان، چالاکییەکە بە وتنی گۆرانی و هۆنراوە کۆتایی پێهات.
ژ.ت