لە سویسرا بۆ کەمپەینی "دادگایکردنی دیکتاتۆر" زیاتر لە ١٧ هەزار ئیمزا کۆکراوەتەوە

لە چوارچێوەی کەمپەینی "١٠٠ هۆکار و ١٠٠ هەزار ئیمزا بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر" لە سویسرا زیاتر لە ١٧ هەزار ئیمزا کۆکراوەتەوە.

سیاسەتمەداری کورد دۆنە گیوزەل رایگەیاند، سەرباری رێگری و قەدەغەکارییەکان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە و نەبوونی دۆخێکی شیاو، بەڵام ژنانی کورد لە هەموو شارەکانی سویسرادا بە فیداکاریی زۆر کارەکانیان بەڕێوەبرد و ئەنجامێکی بەهێزیان بەدەستهێنا.

دۆنە گیوزەل ئەندامی یەکێتیى ژنانی کورد لە سویسرا (YJK-S) بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی رایگەیاند، لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە بەشداری لە کەمپەینەکەدا دەکەن و لە هەموو ئاست و گۆڕەپانەکاندا کاری بۆ دەکەن. راشیگەیاند، ئامانجیان ئەوە بوو لە سویسرا ١٠ هەزار ئیمزا بۆ کەمپینەکە کۆ بکەنەوە و وتی، "تاوەکو ئێستا ئێمە لە سوسیرا زیاتر لە ١٧ هەزار ئیمزامان کۆکردووەتەوە. لێرەدا رەنجی ژنانی کورد، دایکانی کورد و هەروەها پشتیوانی و رەنجی چالاکوانان داکۆکی لە رۆژئاوا (Defend Rojava) و ژنانی چالاکوانی دۆستی سویسریمان هەیە".  

ئەو ئەنجامە بۆ ئێمە سەرکەوتنە

گیوزەل رایگەیاند، لە تورکیا و کوردستاندا کۆمەڵکوژکردنی ژنان زیادی کردووە، لە زیندانەکاندا رووداوی پەلاماردان و دەستدرێژی زیادیکردووە، ئەو تاوانانەى ئەنجام دەدرێن لە رێگەى یاساوە بواریان بۆ دەڕەخسێندرێت و هانی بەردەوامیدانیان دەدرێت و تاوانبارەکان سزا نادرێن و ئەوەش وەک سیاسەتی ئاسایکردنەوەى تاوانی تاوانباران بەڕێوەدەبرێت و وتی، "لەبەر ئەوانە ئەنجوومەنی ئێمەى ژنان نەک تەنها ئیمزا کۆدەکەنەوە، بەڵکو لەبارەی هۆکاری کۆکردنەوەى ئیمزاکانەوە راستەوخۆش لەگەڵ مرۆڤەکاندا گفتوگۆ دەکەن و زانیاری بە هاووڵاتییان دەدەن".

بۆ ریسواکردنی رژێم گرنگە

سیاسەتمەداری کورد دۆنە گیوزەل رایگەیاند، لەو کاتەوە دەستیان بە کەمپەینەکە کردووە لەلایەن گەلی سویسراوە پشتیوانییەکی بەهێزیان لێکراوە و راشیگەیاند، کەمپەینەکەیان بۆ ریسواکردنی رژێمی تورکی ئەردۆغان لە ئاستی نێونەتەوەیەدا و بۆ دادگایکردنی ئەو رژێمە هەنگاوێکی گرنگە، بۆیە بەردەوامی بە کەمپەینەکەمان دەدەین.

ژ.ت