"لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزان، ئێمەی کورد و کوردستانیان لە لۆزان، پەیماننامەی لۆزان ڕەتدەکەینەوە"

لە یادی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان کە ساڵی ١٩٢٣ واژۆکرا، کۆنفرانسێک لە شاری لۆزانی سویسرا ئەنجامدەدرێت، کۆنفرانسەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت و گفتوگۆ سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی پەیماننامەی لۆزان دەکرێت.

کۆمیتەی چالاکییەکانی یادی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان ڕایگەیاند، ڕۆژانی ٢٢_٢٣ ی تەمموز لە شاری لۆزان دەبن، بە درووشمی " لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزان، ئێمەی کورد و کوردستانیان لە لۆزان، پەیماننامەی لۆزان قبووڵ ناکەین و ڕەتی دەکەینەوە".

کۆمیتەکە بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە چالاکی و خۆپیشاندانەکان کە بڕیارە دوو ڕۆژ بخایەنێت و دەڵێت: " وەك دەزانرێت ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی لە شاری لۆزان لە سویسرا واژۆ كرا، لە ئەنجامدا جارێكی دیكە كوردستان دابەش بوو، بۆیە ئێمەی  نوێنەری حیزب و ڕێكخراو و دامەزراوە كوردییەكان لە ساڵیادی پەیمانی لۆزان ڕۆژانی ٢٢ -٢٣ی تەمموز لە شاری لۆزان كۆدەبینەوە، لەم كۆبوونەوەیەدا هەڵسەنگاندن بۆ دەرئەنجامەکانی لۆزان و كاریگەرییەكانی لەسەر كوردستان دەكەین و هەڵوێستی خۆمان دیاری دەكەین.

ئێمە وەك كوردستانیان دەمانەوێت هەڵوێستی خۆمان لەسەر سەدەمین ساڵیادی ئەم پەیماننامە گڵاوە ڕابگەیەنین و نیشانی هەموو لایەك بدەین كە ئەم پەیماننامە قبوڵ ناكەین، دەنگی خۆمان بە ڕای گشتی جیهان دەگەیەنین،  لە ٢٤ی تەمموزدا بەیاننامەیەك بۆ ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆنفرانسەكە لەبەردەم ئەو هۆڵەی كە واژۆكردنی پەیمانی لۆزانی تیایدا ئەنجامدرا دەخوێنینەوە. پێكەوە كۆدەبینەوە بە دەنگی بەرز بانگەوازی ویژدانی مرۆڤاییەتی و نێودەوڵەتی هاوار دەكەین و دەڵێین: ئێمە كورد و كوردستانیان لە سەدەمین ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان لە شاری لۆزان  پەیماننامەی لۆزان ڕەتدەكەینەوە".

دوو ڕۆژ دەخایەنێت

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی کۆمیتەکە لە یەكەم ڕۆژی كۆنفرانسەكەدا فیلمێك نمایش دەكرێت، بەشداربووانیش دەتوانن قسەی لەسەر بكەن، دوای ئەوە لە سەرەتای كۆنفرانسەكەدا تەوەری "پەیمانی لۆزان و كاریگەرییەكانی لەسەر كوردستان" تاوتوێ دەكرێ، دواترنوسەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دكتۆر سوهەیلە قادری، پرۆفیسۆر نەرمین محەمەد ئەمین عەلی لە زانكۆی سەڵاحەدین، هاوسەرۆکی کۆمیتەی هەماهەنگی زانکۆکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دکتۆر عەبدوڵا موستەفا، توێژەر و نوسەر محەمەد بەیرەق لە دانیشتنەکەدا قسە دەکەن، بە سەرپەرشتی سەلما ئەرماک و خەلیل خزری.

لە دووەمین ڕۆژی چالاكییەكەدا دوو دانیشتن بەڕێوەدەچێت، كوردی عومەر و سەحەر ئایدار بەڕێوەی دەبەن لە دانیشتنی یەكەمدا، باس لە "دۆخ و تێکۆشانی ژنان" دەكرێت، مۆنفێر عەزیزۆغڵو لە زانكۆی برێمن و نەرمین عوسمان بەرپرسی دامودەزگاكانی ژنان لە سلێمانی، وەك وتاردەر ئامادە دەبن.

لە دانیشتنی دووەمدا گفتوگۆیەك لەسەر دۆخی ئەرمەن و ئاشووری و كلدان دەكرێت، لەم دانیشتنەدا نووسەر و لێكۆڵەر ئایدن ئەسڵان و مامۆستا نایری مورادیان قسە دەكەن.

 لە كۆتا دانیشتندا گفتوگۆ لەسەر تەوەری " ١٠٠ ساڵ تێکۆشان دژی دەرئەنجامەكانی پەیمانی لۆزان" بەڕێوەدەچێت، كە لەلایەن بەهرە محەمەد مەحمود و ڕۆژان حازمەوە بەڕێوەدەبرێت. تێیدا پرۆفیسۆر و دکتۆر نایف بەزوان لە کۆلێژی مافی زانکۆی ڤییەنا، دکتۆر ئازادی حاجی ئاغایی لە زانکۆی جاگیلۆنیانی پۆڵەندی، نوسەر ئارێز عەبدوڵا، نوسەر د. هەڤاڵ ئەبوبەکر قسە دەکەن.

لە بەشی کۆتاییدا، "بڕیار و دەرئەنجامەکانی کۆنفرانس" ڕادەگەیەنرێت، گفتوگۆ لەسەر ڕاگەیاندراوەکە و هەڵوەشانەوەی دەکرێت.