لە ئەسەنیورت پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بینای رێکخستنی دەم پارتی

پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بینای رێکخستنی دەم پارتی لە ناوچەی ئەسەنیورتی ئیستەنبوڵ.

پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک سەرلەبەیانی ئەمرۆ هەڵیانکوتایە سەر بینای رێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل (دەم پارتی) لە ئەسەنیورتی ئیستەنبوڵ.

پۆلیسەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە چوونە ناو بیناکە، قوفڵی دەرگاکەیان شکاند و بەوجۆرە چوونە ناو بیناکەوە. پۆلیسەکان وێنەکان، ئاڵا وکتێبەکانی ناو بیناکەیان هەڵڕشتە سەر زەوی و گەڕان و پشکنینەکەیان تا کاتژمێر ١١:٠٠ بەردەوام بوو. دوای گەڕانەکە دەستیان بەسەر هەندێک وێنە و کتێبدا گرت.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستەنبوڵ بۆ وەرگرتنی وتە بانگهێستی هاوسەرۆکانی ناوچە رۆژدا یەڵماز و عەبدوڵا ئینانیان کرد.