لە ژنێڤ دژی گۆشەگیری ڕێپێوان کرا

لە شاری ژنێڤ، دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوان ئەنجامدرا.

دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبەردەم کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە شاری ژنێڤی سویسرا ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. هەروەها بەشداربووان داوایان کرد داخوازییەکانی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر قبووڵ بکرێت کە ٥٧ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە دژی پێشێلکارییەکانی زیندانی هەولێر، هەروەها دەبێت داغ و ئەر بەزووترین کات ئازادبکرێن.

لەسەر داوای ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد (جەدەکە)، کوردستانیان لە ژنێڤ لە گۆڕەپانی la Navîgatîon کۆبوونەوە، ڕوویانکردە گۆڕەپانی Palaîs Wîlson و بارەگای کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوێدا ڕاگەیاندراوی کەنەکە بە زمانی فەرەنسی دەربارەی گۆشەگیری خوێنرایەوە.

هاوسەرۆکی جەدەکە لە ژنێڤ، محەمەد لەتیف چەلەبی، باسی لەوە کرد، ٢٨ مانگە گۆشەگیرییەکی نایاسایی و نامرۆیی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیادە دەکرێت.

چەلەبی ئاماژەی کرد بە سیاسەتی قڕکردن کە سەدەیەکە بەردەوامە، بانگەوازی لە (سی. پی. تی.) و نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

لە کۆتایی قسەکانی داوای کرد بەزووترین کات مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر ئازادبکرێن، کە لە ٢٣ ی تەمموزی ٢٠١٩ ـەوە لە زیندانی هەولێر گیراون، بەبێ هیچ تاوانێک، هەروەها بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانەکەی ٢٣ ی تەمموز لە لۆزان.