مەسەدە: شۆڕشی ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی ڕۆح و ئازادی گەلی سوری دەکات

مەجلیسی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمموز و دەڵێت: "شۆڕشی ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی ڕۆح و ئازادی گەلی سوری دەکات".

ئەمڕۆ، بەبۆنەی ١١ هەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز، مەسەدە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە دەسپێکی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "گەلی سوری لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، یادی شۆڕشی پیرۆزی ١٩ ی تەمموز دەکەنەوە، ئەم شۆڕشە نوێنەرایەتی ڕۆح و ئازادی گەلی سوری دەکات، کە لەپێناو ئازادی و کەرامەت و بونیادنانی سوریایەکی نوێی دوور لە ستەم و توندەڕەوی و تاکڕەوی هاتنە سەر شەقام".

هەروەها دەڵێت: "شۆڕشی ١٩ ی تەمموز بۆ جیهانی سەلماند، گەلی سوری توانای گۆڕان و بونیادنانی هەیە، هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی ئەم گەلە بۆ ژیان و ئازادی بشکێنێت، نهێنی سەرکەوتنی شۆڕشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی و یەکڕیزی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە لە کورد و عەرەب و سریان ئاشور و تورکمان و پێکهاتەکانی تری هەرێمەکە".

مەسەدە ئاماژە دەکات بەو قارەمانێتییانەی لەمیانی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز نوسرانەوە، دەڵێت: "ئەم یادە پیرۆز دەکەین کە هێمایەکی پرشنگدارە لە مێژووی وڵاتەکە، دەبێت یادی قارەمانێتی کچان و کوڕانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەیەنەوە کە مەزنترین داستانیان دژی تیرۆر نوسییەوە و سەرکەوتن لە کۆبانێ سیمبولی بەرخۆدان و مەنبەج و ڕەقە و دەیرەزۆر و هەموو شار و گوندەکانی هەرێمەکە، ڕۆڵەکانمان هیچ کەمتەرخەمییەکیان نەنواند، شایستەبوونی خۆیان سەلماند لە بەڕێوەبردن و پێشەنگایەتی، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریان دامەزراند کە نموونەیەکی گەشە بۆ هەموو سورییەکان".

پیرۆزبای ئەم یادە لە سورییەکان دەکات "بۆ ئەم دەسکەوتە نیشتیمانییەی هەموو پێکهاتەکان لەباوەش دەگرێت و ڕۆحی دڵسۆزی و پەیوەندی بە ناسنامەی نیشتیمانی سوری چاند، بووە بەربەستێک لەبەردەم هەوڵەکان بۆ زیانگەیاندن بە سەلامەتی و سەروەریی و یەکێتی خاک و گەلی سوریا. وایکرد ژنان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و پێشەنگایەتی بکەن لە چەندین پێگەدا، هاندەری گەنجان بوو بەشداربوون لە بونیادنان و پەرەپێدانی ئەزموونەکە بە زیهنیەت و کۆششی گەنجانەیان.

شۆڕشی ١٩ ی تەمموز، ئەم هەموو دەسکەوتانەی لێ کەوتەوە و پارادایمێکی پێشکەشکرد بۆ پاشەڕۆژی وڵاتەکە و دەسپێشخەریی بۆ چارەسەری قەیرانی سوری خستەڕوو کە شیاوی ئاوڕدانەوەیە، پێویستە وەک سورییەکان لێی بکۆڵینەوە و پەرەی پێ بدەین وەک پارادایمی چارەسەر و داخوازییەکانی گەلی سوری بەدی بهێنین لە گۆڕان و دیموکراسی و فرەیی".

لەکۆتاییدا دەڵێت: "پاش هەموو قوربانیدانە، تەنها لەڕێگەی پرۆژەیەکی دیموکراتییەوە دەتوانین دادپەروەری بەرامبەر گەلی سوری بنوێنین، بەجۆرێک هەموو سورییەکان بگرێتەخۆ و هەموو کێشە و پرسەکان چارەسەر بکات، بەتایبەت گەلی کورد و پێکهاتەکانی تر، هەروەها ڕەوشێکی نیشتیمانی دابمەزرێنێت دوور لە جیاکردنەوە و پەراوێزخستن، وەک ڕێخۆشکەرییەک بۆ بونیادنانی سوریایەکی نوێ و گەڕاندنەوەی ڕۆڵە شارستانییەکەی".