پارتی چەپی سەوز داوای کرد لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە گۆشەگیری ئیمراڵی پێکبھێنرێت

ئۆزنور بارتن، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە بازنەی جۆلەمێرگ داوایکرد، لێکۆڵینەوە لەبارەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بکرێت و بۆ کۆتاییهێنان بەو گۆشەگیریەش، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی پێکبھێنرێت.

ئۆزنور بارتن، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە بازنەی جۆلەمێرگ، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی، یاداشتێکی پێشکەش پەرلەمان کرد و تێدا داوای پێکھێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی کرد.

لە بەشی پێشەکی یاداشتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ بەدواوە هیچ زانیارییەک لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالان بەدەست ناکەوێت.

باس لەوەش کراوە، گۆشەگیری لە ئیمراڵی پێچەوانەی یاسا و ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکانە و مامەڵەیەکی ھەڕەمەکی و جیاکارانەیە و جەختیشکراوەتەوە، زۆر گرنگە کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان و ٣ زیندانی دیکەی ئیمراڵی بهێنرێت.

ژ.ن