پارێزه‌ران به‌مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد داواكارییان پێشكه‌ش كرد

پارێزه‌رانی نووسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن چاویان به‌ موه‌كیله‌كه‌یان عه‌بدوڵا ئۆجالان بكه‌وێت، داواكارییه‌كی نوێیان پێشكه‌ش كرد.

هه‌ریه‌ك له‌ ئیبراهیم بیلمه‌ز، ڕازییه‌ ئۆزتورك، عیمران ئه‌مه‌كچی، جه‌نگیز یوره‌كلی له‌ پارێزه‌رانی نووسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن دیدار له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ئه‌نجام بده‌ن، كه‌ لە زیندانی ئیمراڵی لە ژێر گۆشه‌گیری تونددایە، سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ داواكاری گشتیی كۆماری بورسا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زیندانی ئیمراڵی-یان كرد.

پارێزه‌ران هه‌روه‌ها به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دیدار، له‌گه‌ڵ زیندانیانی دیكه‌ی ئیمراڵی، عومه‌ر خه‌یری كۆنار، حامیلی یه‌ڵدرم و وه‌یسی ئاكتاش، سه‌ردانی داواكاری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زیندانیان كرد.

له‌ ڕۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ه‌وه‌ تا ئێستا، هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان وه‌رنه‌گیراوه‌.

پارێزه‌ران به‌مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، هه‌فته‌ی دوو جار داواكاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان نادرێته‌وه‌.

ژ.ن