پارێزەری ستێرک تی ڤی: هەڵکوتانەکەی پۆلیس تاریک و تەمومژاوییە
پارێزەری کەناڵی کوردی ستێرک تی ڤی کە لە شاری دێندێرلیوی بەلجیکا رووبەڕووی هێرشی پۆلیس بووە، رایگەیاند، 'هەڵکوتانەسەرێکی تاریک و تەمومژاوییە'.
پارێزەری کەناڵی کوردی ستێرک تی ڤی کە لە شاری دێندێرلیوی بەلجیکا رووبەڕووی هێرشی پۆلیس بووە، رایگەیاند، 'هەڵکوتانەسەرێکی تاریک و تەمومژاوییە'.
پارێزەر فین شرورس لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی لەبەردەم ستۆدیۆی ستێرک تی ڤی و مەدیای خەبەر قسەی کرد و لەبارەی هەڵکوتانە سەر ئەو دووکەناڵەوە وتی، "تائێستا تاریک و تەمومژاوی و شاراوەیە".
پاریزەر فین شرورس ئەوەشی خستوڕوو، کە بۆچی دەبێت هێرشێکی بەم ئاستە خراپە ئەنجامبدرێت؟.
باسی لەوەشکرد کە ئەوان تائێستا تێنەگەیشتوون کە بۆچی ئەو هێرشە ئەنجام دراوە و وتی، ئەوان لێکۆڵینەوە دەکەن و دواتر زانیاری دەخەنەڕوو.
لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا هەردوو دەزگا راگەیاندنەکەش وتیان، "هەڵکوتانەسەرەکە لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵی بەلجیکاوە ئەنجامدراوە و پێشتر پارێزەران یاخود بەڕێوەبەرانمان ئاگادار نەکراونەتەوە".
لە ٢٣ی نیساندا پۆلیسی بەلجیکا کاتژمێر ٠١:٣٠ هەڵیکوتایە سەر بیناکانی ستێرک ئێن ڤی، رۆژ ئێن ڤی و هیڤرۆن ئێن ڤی لە شاری دێندێرلیو.
لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا راگەیەندرا: " ئێمە ئەو هێرشە چەتەئاساییە نایاسایی، دژە دیموکراتیکەی لەناو جەرگەی ئەوروپا ئەنجام دەدرێت شەرمەزار دەکەین. ئەو دۆخە هەوڵدانێکی یاسایی نییە، گەڕان و پشکنینیش نییە. ئەوە هێرشێکە بۆ سەر دەزگاکانی راگەیاندنی ئازاد کە دەنگی گەلی کوردن. خۆی لە خۆیدا لە هەمان کاتدا پۆلیسەکانی تورکیش هەڵیانکوتایە سەر ماڵی رۆژنامەوانانی کورد لە تورکیا دەستگیریان کردن، ئەوە درێژکراوەیە هێرشێکی رێکخراوە".
هـ . ب