پاش ٣٠ ساڵ زیندانی، مەهدی ئۆزتورک ئازادکرا

پاش ٣٠ ساڵ لە زیندان، مەهدی ئۆزتورک ئازادکرا، دووپاتی کردەوە "هەمان هەست و حەسرەتی ٣٠ ساڵ پێش ئێستەم هەیە".

مەهدی ئۆزتورک تەمەنی گەیشتە (٥٧ ساڵ) پاش ٣٠ ساڵ زیندانی کردن لە زیندانی تیپی (T)  ژمارە ٢ لە شاکران، ساڵی ١٩٩٣ ئۆزتورک لە ئەزمیر دەستگیرکرا و حوکمی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت، بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ پارچەکردنی خاکێکی ژێر سەروەریی دەوڵەت"، ئۆزتورک لە تەمەنی ٢٧ ساڵی چووە زیندان و ئێستە ٥٧ ساڵە، ئۆزتورک لەبەردەم زیندان لەلایەن بنەماڵە و ئەندامان و بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی پشتیوانی و پاڵپشتی زیندانیان و حکومدراوانی ئیجە و ڕێکخراوەکانی هەدەپە لە بایراکل و عەلی ئاغا بە گوڵ و هەلهەلە پێشوازی لێ کرا.

ئۆزتورک گوتی: "بیر لە هەزاران شت دەکەمەوە، بەڵام هەرچییەک بڵێم هێشتا کەمە، هەرکەس هەڤاڵەکانی خۆش بوێت، ٣٠ ساڵ وەک ٣ ڕۆژە، ئەوانەشی هەڤاڵەکانیان خۆش ناوێت ٣ ڕۆژ هێندە ٣٠ ساڵە، هەڤاڵانمان لە زیندان سڵاویان بۆ هەموو گەل نارد. هەندێک دواکەوت، بەڵام دەرچوونێکی شەرفمەندانە بوو، هێشتا هەست و حەسرەتەکانم نەگۆڕاوە و ەک ٣٠ ساڵ پێش ئێستایە. هەڤاڵەکانم بە تەنها لە زیندان جێهێشت، بۆیە دەرچوونم لە زیندان نیمچە ئازادییە، دەرچوونی شەرەفمەندانە لە زیندان بۆ هەموومان بەسە، ئەمە بۆ هەڤاڵانی نێو زیندان گرنگە، هەڤاڵان بەم هەستەوە ماڵئاواییان لێ کردم".

هەروەها لە گەڕەکی ئۆنور لە شارۆچکەی بایراکل بە گەرمی پێشوازی لێ کرا، پاشان بە کاروانێک ڕوویکردە کۆمەڵەی (Fistiklilar) لە مێردین و لەلایەن خزم و خەڵکی گەڕەکەوە بە هەلهەلە و هەڵپەڕکێ پێشوازی لێ کرا.