پۆلیسی تورک لە شەرناخ ئەشکەنجەی مناڵان دەدات

لە گەڕەکێکی ناوچەی ئێلکەی شەرناخ، چەند مناڵێک بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە چوونە ئاهەنگ، پۆلیس ڕایگرتن و ڕوویانی کردە دیوارەکە و ناسنامەکانیانی پشکنی.

دوێنێ لە گەڕەکی عەلی جاڤوش لە شارۆچکەی ئێلکەی شەرناخ، چەند مناڵێک بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە ویستیان بچنە ئاهەنگی هاوسەرگیری، مناڵەکان بەناوی ب. ج. (١٤ ساڵ) ب. ج. (١٢ ساڵ) ب. ج. (١٦ ساڵ) ب. ج.  (١٧ ساڵ) س. ج. (١٧ ساڵ)، خزمی یەکترن، لەوکاتەدا پۆلیس ڕایگرتن. پۆلیس ڕووی مناڵەکانی کردە دیوار و ناسنامەکانیانی پشکنی. پاشان ناسنامەکانیان لەڕێگەی (GBT) پشکنرا.

هاوڵاتییەک ئەم ڕووداوەی تۆمارکرد. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، پۆلیس هەر پێنج مناڵەکەی پاڵناوە بەرەو دیوارەکە و دەستیانی بەرزکردەوە و ڕایگرتن. پۆلیسێک هەڕەشە لە مناڵەکان دەکات و دەڵێت: "لێرە بەدوا، هەرکات بە خاڵی پشکنین تێدەپەڕن، ناسنامە هەڵبگرن، ئەگەر نا، سزاتان دەدەم".

شایەتحاڵەکان ڕایانگەیاند ٤ مناڵ ناسنامەیان هەڵگرتووە و ب. ج. (١٢ ساڵ) ناسنامەی پێ نەبووە، چونکە ناچار نییە بە هەڵگرتنی ناسنامە.

هەروەها بەپێی زانیارییەکان، پێش پاڵنانیان بەرەو دیوارەکە، پۆلیس ئەشکەنجەی مناڵەکانیان داوە.