دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە بەردەم وەزارەتی دادی تورکیا مانگرتنیان بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستپێکرد، پۆلیسی تورکیا چالاکییەکەی قەدەغەکرد.
پەرلەمانتاران مانگرتنەکەیان گواستەوە بۆ بەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا و بڕیارە لەوێ درێژە بە مانگرتنەکەیان بدەن. هاوکات پۆلیس هەڕەشەی لە ڕۆژنامەنووسان کردووە و دووریخستوونەتەوە لە شوێنی چالاکییەکە.
تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ بەبێ بڕیاری نووسراو و بنەمایەکی یاسایی ڕێگرییان لە ئێمە کرد بچینە وەزارەتی داد، ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەم نادادپەروەرییە، ئەمڕۆ لە پەرلەمانەوە ڕاگەیەندراوی خۆمان لەبارەی ناجێگیریی دۆخی ئیمرالییەوە دەدەین”.
وتیشی:”ئەمڕۆ دیسان بۆمان دەرکەوت کە گۆشەگیری لە ئیمرالی گۆڕاوە بۆ فۆرمی ئیدارەی تورکیا، دەمێکە لەم وڵاتەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە کێشەکان بە چارەسەر و دیالۆگ و ڕێگەی دیموکراسی چارەسەر بکرێن. بەڵام نزیکەی دوو ساڵە گرنگترین ئەکتەری چارەسەریی گۆشەگیر کراوە، ماوەی دوو ساڵە هەموو خەڵکی تورکیا دەیانەوێت پارێزەر و بنەماڵەکەی لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان و زیندانییەکانی دیکە کۆببنەوە و خەڵک دەیانەوێت بزانن لە ئیمرالی چی دەگوزەرێت”.
جێگری هاوسەرۆکانی هەدەپە داواشی کرد، “با پارێزەران بچنە ئیمرالی و دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بکەن، چونکە سەردانەکەی سی پی تی بۆ ئیمرالی گومان و نیگەرانییەکانی ئێمەی زیاتر کردووە، بنەماڵە، گەلی کورد، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەدەپە زۆر نیگەرانن”.
ف.ق