عێراق، لە کۆی ٤٢٠ تووشبووی تای خوێنبەربوون، ٥٦ کەسیان گیانیان لەدەستداوە

بەڕێوەبەری بەشی پەتاکان لە فەرمانگەی ڤێتێرنەری عێراق: "ئاماری گیان لەدەستدان بەهۆی تای خوێنبەربوون لە هەڵکشانە و تا ئێستا ٥٦کەس گیانیان لەدەستداوە".

لە عێراق ئامارەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون و گیانلەدەستدان بەهۆی ئەوە پەتایە لە بەرزبوونەوەدایە و تا ئێستا ٤٢٠ کەس تووشبوون کە ٥٦کەسیان لەو ژمارەیە گیانیان لەدەستداوە، لیژنەی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکانیش ژمارەیەک رێکاری بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە دەگرێتەبەر.

سائیر سەبری حسین بەڕێوەبەری بەشی پەتاکان لە فەرمانگەی ڤێتێرنەری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ ڕایگەیاند: "لەگەڵ چوونە ناو رۆژانی ١٠ی موحەرەم کە تیایدا رێژەی سەربڕینی ئاژەڵ زیاد دەکات، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکان، کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە گۆڕینی جۆری دەرمانی قڕکەر و فراوانکردنی ھەڵمەتەکانی گەڕان و دەرمانڕشتن لە کێلگەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ، هەروەها لیژنەکەیان داوای لە پارێزگاکان کردووە سەربڕینی ھەڕەمەکی ئاژەڵ قەدەغە بکەن و رێگەنەدەن ئاژەڵ بەشێوەی ھەڕەمەکی سەرببڕدرێت".