"رێگریی لە ئازادکردنی زیندانیان دەکرێت و مافی هیوا لەناودەبرێت"

لقی ئەنقەرەی ئیهەدە، یەکەم رۆژی هەینی هەموو مانگێک ئێشکگری ئاشتی ساز دەکات. لە چالاکی ئەمجارەدا ئاماژە بەوەکرا، "ئازادکردنی زیندانیان لەمپەری بۆ دادەنرێت و مافی هیواش لەناودەبرێت و ناهێڵدرێت".

ئێشکگریی ئەم هەفتەیەی لقی ئەنقەرەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) تایبەت بوو بەو زیندانیانەی سەرباری تەواوبوونی ماوەی سزاکەیان، لەلایەن لیژنەکانی کارگێڕی و چاودێری زیندانەوە بە پاساوی بێ بنەما ئەو مافەیان زەوت دەکرێت. لە ئێشکگرییەکەدا پلاکاردی "کۆتایی بە پێشێلکارییە نایاسایی و هەڕەمەکیەکان بەرامبەر بە زیندانیان بهێنن" هەڵواسرابوو.

نورای چەڤیرمەن، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندی ئیهەدە، بەر لە دەستپێکردنی ئێشکگرییەکە ڕایگەیاند، "ژمارەیەکی زۆر زیندانی کە ماوەی سزاکەیان تەواوبووە و لەلایەن لیژنەی کارگێڕی و چاودێری زیندانەکانەوە ئازادکردنیان هەڵپەسێردراوە، سکاڵایان گەیاندووەتە کۆمەڵەکەیان. وتیشی: لەناو ئەو زیندانیانەدا کە ماوەی سزاکەیان تەواو بووە، بەڵام ئازاد ناکرێن، ژمارەیک زیندانی هەن کە باری تەندروستیان خراپە.

چەڤیرمەن ئاماژەی بەوەشکرد، لەو رۆژەوەی لیژنەکانی کارگێری و چاودێری زیندانەکان دەستبەکاربوون تا ئەمڕۆ، لانیکەم ئازادکردنی ٢٧١ زیندانی لەمپەریان بۆ سازکراوە و وتی: "ئازادکردنی هەندێک لەو زیندانیانە بۆ ماوەی شەش مانگ هەڵپەسێردراوە و پاساوی "گونجاو نین و دۆخیان باش نییە" وەک هۆکاری ئازادنەکردنیان نیشاندراوە، ئەمە جیالەوەی ئەو سزا دیسپلینانەی بەر لە دروستکردنی لیژنەکە بەسەر زیندانیاندا سەپێندرابوون، وەک هۆکارێک بۆ دواخستنی ئازادکردنیان ئاماژەی پێدراوە و بەم جۆرەش یاساکان پێشێل دەکرێن".

چەڤیرمەن ئەوەشی خستەڕوو، کە "لیژنەکانی کارگێڕی و چاودێری زیندانەکان بە چەند پێوەرێکی ناڕوون و نابابەتیانە دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەیان، رێگری لە ئازادبوونی زیندانیان دەکەن، جگە لەمەش مافی هیوا لەناو دەبەن. ئەم کردەوانەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بنەماڵەکانیان داناوە. وەک ئیهەدە داوا دەکەین کە لیژنەکانی کارگێری و چاودێری ناو زیندانەکان هەڵبوەشێنرێنەوە و ئەو زیندانیانەی ماوەی سزاکەیان تەواو بووە دەستبەجێ ئازاد بکرێن".

ژ.ن