شەهیدانی کۆمەڵکوژی پیرسوس یادکرانەوە
لە مەراسیمی یادکردنەوەی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکەی پیرسوس پەیامێک بەرزکرایەوە: "خەونەکانیان بوو بە خەونی ملیۆنان کەس. تا کۆتایی شۆڕش دەپارێزین".
لە مەراسیمی یادکردنەوەی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکەی پیرسوس پەیامێک بەرزکرایەوە: "خەونەکانیان بوو بە خەونی ملیۆنان کەس. تا کۆتایی شۆڕش دەپارێزین".
ئەمڕۆ هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پیرسوسە. داعش تەقینەوەیەکی لە باخچەی ناوەندی چاندی ئامارا لە شارۆچکەی پیرسوسی ڕحا ئەنجامدا، دژی ئەندامانی یەکێتی گەنجە سۆسیالیستەکان، ئەوانەی ویستیان لە ٢٠ ی تەمموزی ٢٠١٥ بچنە کۆبانێ. لەوێدا ٣٣ گەنج کۆمەڵکوژکران. لە هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکە شەهیدەکان یادکرانەوە. هەروەها پرۆگرامی یادکردنەوە لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکەی پیرسوس و لەسەر گۆڕی شەهیدان ڕێکخرا.
بەرنامەیەکی یادکردنەوە بۆ شەهیدان لە باخچەی ناوەندی چاندی ئامارا بەڕێوەچوو. بەرنامەکە بە پێشەنگایەتی دەسپێشخەریی بنەماڵەکانی پیرسوس ڕێکخرا. لە مەراسیمەکەدا، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز و نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پارتە سیاسییەکان و کەسانی تر بەشداری مەراسیمەکە بوون. جەماوەرەکە لەبەردەم بارەگای هەدەپە لە پیرسوس کۆبوونەوە و ڕوویانکردە ناوەندی چاندی ئامارا. چەند درووشمێک بەرزکرانەوە بۆ لێپێچینەوە لەگەڵ درووشمی "شەهیدانی پیرسوس نامرن"، لەگەڵ بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدان.
هەروەها ئامادەبووان خولەکێک وەستان بۆ گیانی هەموو قوربانیان و شەهیدانی ڕێگەی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی.
"ویستیان خەونەکانمان بە ناتەواوی بهێڵنەوە"
ئەندامی یەکێتی کۆمەڵەی گەنجانی سۆسیالیستی، سینەم نور بەکتاش، گوتی: "٨ ساڵ پێش ئێستە لێرە کۆبووینەوە. گوتمان پێکەوە کۆبانێ بونیاد دەنێینەوە. هاوڕێکانمان دڕندانە کوژران. ویستیان خەونەکانمان بە ناتەواوی بهێڵنەوە. بەڵام ناتوانن ڕێگە لەم خەونە بگرن بە کوشتن و کۆمەڵکوژی. پاش ٨ ساڵ و زیاتریش، ئازادیمان دەوێت بۆ گەلی کورد. خەونی هاوڕێکانمان بووە خەونی ملیۆنان مرۆڤ. تێکۆشانی دادپەروەری بۆ پیرسوس بەردەوامە. ویستیان خەونی هاوڕێکانمان لەم باخچەیە بنێژن، بەڵام خۆیان دەخەڵەتێنن. هاوڕێکانیان لەپێناو خەونەکانیان دەجەنگن. پێکەوە لە ڕووباری ئازادی هەنگاو دەنێین".
سۆنەر چیچەک یەک لە بریندارانی کۆمەڵکوژییەکە، گوتی: "ویستیان خەونەکانمان لێرە بنێژن. بەڵام خەون و هزرمان لێرە چرۆیان کرد. ٣٣ گەشتیاری ئازادی لێرە کۆبوونەوە بۆ پشتیوانی شۆڕشی ڕۆژئاوا. شۆڕش بەردەوامە. لەپاش کۆمەڵکوژی ستەم قورسترین شتە. ئەم ستەمە بەردەوامە. مرۆڤ ناتوانێت بیژمێرێت. ئەمڕۆ بنەماڵەی شەنیاشار بۆ دادپەروەری لە پیرسوس تێدەکۆشن، ئەوە تێکۆشانی ئێمەشە، هەمیشە لێرەین بۆ بەدیهێنانی خەونی هاوڕێکانمان".
"لەبری بکوژان، حوکمی بنەماڵەکان دەدرێت"
پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە ڕحا، فەرید شەنیشار ڕایگەیاند: "هێشتا خوێن لە برینەکانمان دێت. ٨ ساڵ تێپەڕی، هێشتا بکوژەکان حکوم نەدراون. لەبری تاوانبار و بکوژان، بنەماڵەی قوربانیان حوکم دەدرێن. دایکە بەسنا بەبۆنەی یادکردنەوەی کوڕەکەی دەستگیرکرا. دادپەروەری بۆ بنەماڵەی شەنیاشار و بنەماڵەکانی پیرسوس".
یاسەمین بۆیراز، کە دایکی نازەگوڵ بۆیراز لە کۆمەڵکوژییەکە شەهیدبووە، گوتی: "پۆلیس پاش کۆمەڵکوژییەکە هێرشی کردە سەرمان. ئەم شوێنە لەنێوان دوو بنکەی پۆلیسدایە. ئەمڕۆ پۆلیس گەمارۆمان دەدات و دەمانپشکنن، بۆچی ئەو ڕۆژە چەتەکانی داعشیان بەپشکنی. پۆلیس عەبدوڵا عومەر ئەسڵانی ئازادکرد پاش کۆمەڵکوژییەکە. سەرەڕای هەموو شتێک، ئێمە لێرەین بۆ یادکردنەوەی هەموو شەهیدەکانمان".
"٨ ساڵە تاوانباران دەستگیر نەکراون"
بەڕێوەبەری ژووری پزیشکانی ڕحا، کەمال یوکسیایلا، لە پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی لە ڕحا، یادی کۆمەڵکوژییەکەی کردەوە و گوتی، ٨ ساڵە تاوانباران نەدۆزراونەتەوە. هەروەها سەرۆکی سەندیکای ڕحا، عەبدوڵا ئونجەل گوتی: "نەمانتوانی ٣٣ گەنجمان بپارێزین، داعش کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەی ئەنجامدا. سوێند دەخۆین ئاراستەکەرانی سیاسەتی ئەوکاتەی داعش لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. لەم پێناوەدا تێدەکۆشین. ئەمە بەڵێنمانە بۆ ٣٣ گەنجەکە. تا کۆتایی تێدەکۆشین لەپێناو دادپەروەری. نەمانتوانی بیانپارێزین، بەڵام دادپەروەریان بۆ بەدی دەهێنین".
مەراسیمەکە بە درووشمی "دادپەروەری بۆ پیرسوس و دادپەروەری بۆ هەمووان" کۆتایی هات. پاشان بانگەوازکرا بۆ سەردانکردنی گۆڕی قاسم دەپرەم و عوسمان چیچەک لە گۆرستانی ئەسری لە پیرسوس. بەڵام پۆلیس ڕێگەی لێ گرتن و گوتی: "ئەم شوێنە پەرستگایە، شوێنی چالاکی نییە. جەماوەر بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی لە گۆڕستانەکەدا، وەڵامی گەمارۆکەیان دایەوە.
هەروەها هاوسەرۆکی هەدەپە لە ڕحا، ئەحمەد ئەتیش، گوتی: "گەنجان بەبێ جیاوازی ڕووبەڕووی کوشتن بوونەوە. هەروەها سەردانی گۆرەکان قەدەغە کراوە. بانگەواز لە سەرۆک وەزیرانی پێشوو، ئەحمەد داود ئۆغلۆ دەکەین، مەبە هاوبەشی ئەم تاوانە. گەمەیەک بەڕێوەدەچێت، کورسی داواکاری گشتی ٨ ساڵە چۆڵە. ئاستەنگەکان هەڵوێستێکی ستەمکارانە و میزاجییە".
بە چالاکی دانیشتن، جەماوەر ڕێگرتن لە چوونە نێو گۆڕستانەکەیان شەرمەزارکرد.
موش
چالاکییەکی یادکردنەوە ڕێکخرا بۆ یادکردنەوەی ئەڤرەم دەنیز ئەرۆڵ، مەدالی باروتچو و سەرحەد دەڤرەم لە گۆڕستانی موش. ژمارەیەک کەس ئامادەی مەراسیمەکە بوون. پاش خولەکێک بێدەنگی، نامەیەکی دایکی ئەرۆڵ، بەسنا ئەرۆڵ خوێنرایەوە، کە لە زیندانی خارپیت بەندکراوە.
پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە موش، سومەیە بۆز، گوتی: "بکوژی گەشتیارانی خەون ڕۆژانە دەست بادەدەن و دەگەڕێن. سەرەڕای بوڵتەنە سورەکان دەربارەیان، بەڵام لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێن و هیچ ڕێکارێک بەرامبەریان ناگیرێتەبەر. ئەمەش دەریدەخات هیچ لێکۆڵینەوەیەکی کارا بۆ دادگایکردنیان نییە. بکوژان دەست بادەدەن و دەگەڕێن، بنەماڵە و هاوڕێیانی گەشتیارانی خەون دەستگیر دەکرێن. ئەم کۆمەڵکوژییە تاوانە بەرامبەر جڤاک و گەل و دەبێتە تاوانباران بدرێنە دادگا".
ئامەد
فەیسەڵ ئۆزدەمیر، یەکێک لە قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە لە سەر گۆرەکەی لە گۆڕستانی یەنیکۆیا لە ئامەد یادکرایەوە. پەرلەمنتاران و ئەندامی پارتە سیاسییەکان بەشداربوون. ئەندامی مەجلیسی جێبەجێکردنی ناوەندی مەجلیسی ژنانی سۆسیالیستی، ساتیە ئۆک، ڕایگەیاند، ٨ ساڵە بەدوای ئازادی و دادپەروەریین و خەونی تەواونەکراوی قوربانییەکان دەهێنینە دی.
هەروەها ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی سۆسیالیستی، سەرحەد ئەرین، گوتی: "بەڵێنمان بۆ شەهیداانی شۆڕشی ئازادی و دادپەروەری دەبەینە سەر".
پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە ئامەد، عەدالەت کایا، ڕایگەیاند، تاوانبارەکە تاکە کەسێک نییە، بەڵکو زۆر کەس لەپشت تاوانباران وەستاون و خەبات دەکەین بۆ دادپەروەری.
مەراسیمەکە بە گوتنەوەی درووشمەکان کۆتایی هات، پاش وتەکان ئامادەبووان چونە سەر گۆری ئۆزدەمیر. وەک دەزانرێت لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی شەهیدکرا، بۆیە کێکی یادی لەدایکبوونیان لەسەر گۆڕەکەی بڕی.
دێرسیم
مەراسیمی یادکردنەوە بۆ قوربانی کۆمەڵکوژییەکە، چاگداش ئایدن ڕێکخرا، لەسەر گۆڕەکەی لە گوندی جاخپەری لە شارۆچکەی پولورا لە دێرسیم. ژمارەیەک کەس ئامادەبوون. هاوسەرۆکی هەدەپە لە دێرسیم، فەرهاد یەڵدز، ڕایگەیاند، خەونی قوربانییەکان بەدی دەهێنن.
کوڕەکەی ئایدن لەسەر گۆڕی باوکی ڕایگەیاند، ٨ ساڵە بەدوای دادپەروەری دەگەڕێن، لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکە دەکەن، ئەوان دوو یان سێ کەس نین، تێکۆشان دەکەن تا دۆزینەوەی تاوانبارە ڕاستەقینەکان.
ئامادەبووان گوڵیان لەسەر گۆڕەکەی دانا.
وان
لەسەر گۆڕەکەی لە یەنی ماهالە لە وان، یونس ئەمرەشەن یادکرایەوە. بنەماڵەکەی و ژمارەیەک کەس ئامادەی مەراسیمەکە بوون کە لەلایەن کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاری بنەماڵەی بێسەروشوێنانی لانکەی شارستانییەت بەڕێوەچوو.
پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە وان، زوڵگوف ئۆچار، گوتی: "یونس ئەمرەشن و ٣٢ هاوڕێکەی ئومێدیان بەخشییە ستەملێکراوانی کۆبانێ. بەڵام لەسەر دەستی دوژمنانی مرۆڤایەتی لە پیرسوس کوژران. هێشتا بکوژان دێن و دەچن. پێش دوو ڕۆژ، ئەو گەنجانەی داوای دۆزینەوەی بکوژان و دادگایکردنیان کردن، دەستگیرکران. دووبارە یادی ٣٣ هاوڕێکەمان دەکەینەوە کە ویستیان ئومێد ببەخشنە کۆبانێ".
ئیستەنبوڵ
لە گۆڕستانی ئەهلامورکویو لە شارۆچکەی عەمرانیەی ئیستەنبوڵ، مەراسیمێکی یادکردنەوە ڕێکخرا بۆ خەدیجە ئەزگی سادات و پۆڵەن ئۆنلو. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک ئامادەبوون. دایکی سادات، سونای سادات، ڕایگەیاند، تێکۆشانیان وەک بنەماڵەکانی پیرسوس بۆ دۆزینەوەی ڕاستی بەردەوامە، تێدەکۆشن و خەونی ڕۆڵەکانیان بۆ دادپەروەری بەدی دەهێنن.
مەراسیمە بە گوتنەوەی درووشم کۆتایی هات.
هەروەها مەراسیمێکی یادکردنەوە لە گۆرستانی غازی لە ناوچەی سوڵتان غازی لە ئیستنەبوڵ ڕێکخرا. پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان. پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز، چیچەک ئۆتلو ڕایگەیاند، هەرگیز ناوەستن لە تێکۆشانی دادپەروەری و خەونی شەهیدان بەدی دەهێنن.
لەکۆتاییدا گوڵ لەسەر گۆڕی شەهیدان دانرا.
هاتای
هەروەها شەهیدی کۆمەڵکوژییەکەی پیرینیچ لە ئەنتاکیای هاتای یادکرایەوە. بە ئامادەبوونی بنەماڵەکەی و ژمارەیەک هاوڵاتی. ڕێپێوانێک ئەنجامدرا و تا سەر گۆڕەکەی درووشم گوترایەوە. پاشان هاوسەرۆکی گشتی پارتی ئاوەدانکردنەوەی سۆسیالیستی، جانان یوجە ڕایگەیاند، لەپێناوی خەونی شەهیدان لە هەموو شوێنێک تێدەکۆشن.
هەروەها نورای پیرنیچ، سوپاسی بەشداربووانی یادی کوڕەکەی کرد، ڕایگەیاند، لەیادنەچوونی کوڕەکەیان بۆیان بەنرخە.
مێردین
ئەمرەڵا ئەکهامور و موراد یورتگول، شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە خەڵکی قۆسەرن، لەپاڵ یەکدا لە گۆڕستانی گەڕەکی تورگوت ئۆزال بەخاکسپێردران. لەسەر گۆڕەکەیان مەراسیمێک بەڕێوەچوو. پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز لە مێردین و ئەندامانی هەدەپە و دەبەپە و چەند کەسێک ئامادەبوون، سەرەتای مەراسیمەکە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان.
مامی موراد یورتگول، لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و باسی قۆناغی پێش کۆمەڵکوژییەکە و دادگاکەی کرد، داوای کرد بەرپرسانی کۆمەڵکوژییەکە سزابدرێن.
هەروەها پەرلەمانتار، جۆرج ئەسڵان، ڕایگەیاند، لەسەر ڕێگەی شەهیدانی پیرسوس دەڕۆن و تێدەکۆشن لەپێناو دادپەروەری. هەروەها پەرلەمانتار کاموران تانها، ڕایگەیاند، پۆلیس ڕێگر نەبوون لە کۆمەڵکوژیەکە، کەچی ئەمڕۆ ئێمەیان گەمارۆدا. هەروەها ڕایگەیاند، گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆمەڵکوژی پیرسوس، سەرەتای تێگەیشتنی شەڕە، دووپاتی کردەوە، تێدەکۆشن دژی شەڕ لەپێناو بەدیهێنانی داد و ئاشتی لەسەر زەوی.
هەروەها شەمسە یورتگول، ئاماژەی بەوە کرد، ٨ ساڵە داواکەیان بۆ دادپەروەریکردن بەرامبەر کوڕەکەیان و شەهیدانی تر قبووڵ نەکراوە، ستەمی وا لە هیچ کوێی دونیا نییە.
ئامادەبووان گوڵیان لەسەر گۆڕی شەهیدان دانا و درووشمی "شەهید نامرن" بەرزکرایەوە.