سەرەڕای بارانی بەلێزمە، کرێکاران لە ئەنقەرە کۆبوونەوە

سەرەڕای بارانی بەلێزمە، کرێکارانی ئەنقەرە لە گۆڕەپانی ١ ی ئایار کۆبوونەوە.

١ ی ئایار

بەپێشەنگایەتی سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەرییەکان لە ئەنقەرە ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

سەرەڕای بارانی بەلێزمە، سەندیکا و کۆمەڵە و پارت و ڕێکخراوەکانی گەنجان و هەزاران هاوڵاتی بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. کرێکاران درووشمی "هەموو جێگەیەک تەقسیمە، لە هەموو جێگەیەک بەرخۆدان" و "هێشتا سەرەتایە، تێکۆشان بەردەوامە" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی ئازادی گەلان"یان بەرزکردەوە.

سەدان ئەندامی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، پەرلەمانتارانی دەم پارتی و جەهەپە، پارێزەرانی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) بەشداری چالاکییەکە بوون، پانکارتی "گۆشەگیری ئەشکەنجەیە، بێدەنگ مەبن" و "گۆشەگیری دژی مرۆڤایەتی و یاساییە" بەرزکرایەوە.

ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانییەکان تیشکیان خستەسەر هێرشەکان دژی خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد و درووشمی "ئازادی بۆ ڕۆژنامەوانان" و "چاپەمەنی ئازاد بێدەنگ ناکرێت" یان بەرزکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا ١ ی ئایار ڕۆژی تێکۆشانە دژی ستەم، ڕۆژی تێکۆشان و پشتیوانییە، هەروەها گوترا: "ئێمە وەک کورد حیسابمان بۆ ناکرێت، وەک عەلەوی بەچاوی کەم سەیردەکرێین، ئێمە بۆ مافی هاوڵاتیبوونی خۆمان لێرەین".

هەروەها دووپاتکرایەوە پێویستە دژی ڕەنجخۆری و هەژاری و فاشیزم، تێکۆشان و پشتیوانی هاوبەش پێش بخەین، داواکرا ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی ڕێکخستنبوون هەڵبگیرێت، ڕێگە لە هەراسانکردن و توندوتیژی سەر ژنان بگیرێت، جیاوازی ڕەگەزی بسڕێتەوە، ڕێگە بگیرێت لە کارکردن و چەوسانەوە مناڵان.

گردبوونەوەکە بە چالاکی هونەری کۆتایی هات.