چالاکییەکان لەپێناو ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەموو چوارشەممەیەک لەبەدەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت، چالاکییەکە لە ٢٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ـەوە ماوەی ٣١ مانگە بەردەوامە.
لە گۆڕەپانی نیشتیمانی لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خێوەتێک هەڵدرا و چالاکی ناڕەزایەتی بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان دەستیپێکرد.
هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی عەلەوی دیموکراتیک (FEDA)، دەمیر چەلیک، لە چالاکییەکەدا گوتی: "ئێمە کورد و گەلانی کوردستان پەیماننامەی لۆزان قبووڵ ناکەین. چارەسەرێکمان دژی پەیماننامەکە بۆ ڕای گشتی جیهان ڕاگەیاند، لە ڕاگەیاندراوێکدا پاش کۆنفرانسەکەی ٢٢و ٢٣ ی تەمموز.
چەلیک دووپاتی کردەوە ڕاگەیاندراوەکەیان لەبنەڕەتدا هەر سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، گوتی: "ئەوان دەیانەوێت سیاسەتی قڕکردنی جەستەیی و چاندی و سیاسی درێژە پێ بدەن. کورد و کوردستانیان کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان. هەموو هێزمان بەکاردەهێنین و تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت".
هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی عەلەوی دیموکراتیک (FEDA)، دەمیر چەلیک، ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆنگرەکەی لۆزان لە ٢٣ _٢٤ ی نیسان، بڕیاری گرنگ دراوە. چەلیک رایگەیاند، نوێنەری پارت و تەڤگەر و باوەڕە کوردییەکان بۆ پێکهێنانی کۆمیتەیەکی دیپلۆماسی کۆدەبنەوە، گوتی: "پەیوەندی دەبەستین لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپی لەگەڵ کۆمیتەی پاراستنی گەلانی بێدەوڵەت لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان، هەنگاوێکی گرنگ دەنێین بۆ ئازادکردنی کوردستان. درێژە بە تێکۆشان دەدەین لەپێناو ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانییە سیاسییەکان وەک هەنگاوێکی کاری دیپلۆماسی.
پاش وتارەکەی چەلیک، بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانەکەی ڕۆژی شەممە لە ٢٩ ی تەمموز لە شاری زیوریخی سویسرا، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و بزووتنەوەی ژنانی تێکۆشەر (تێکۆژن)، لەپێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.