ترس لە چی...

کاتێک ئەردۆغان دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە کەسێتی بەرخۆدانی کۆبانێدا، دەربڕینی 'سنوورەکەمان تەنراوە لە تیرۆر' دەردەبڕێت دەرخەری ئەو ترسەیی دەوڵەت نەتەوەیە لە قسەکەیدا، چونکە بوونی گەلێکی خاوەن ئیرادەی ئازاد دەبێتە جێگەی ترسی دەوڵەتی تورک.

ئایە ڕۆژئاوا بە تەنها خەباتە بۆ دانپێدانان بە بووندا، داخۆ هەوڵی کوردە بۆ مانەوە؟ گەر شتەکە تەنها ئەمەبێ ئەوا بە دانپێدان یاخود سەرکووتوتکردنێک نیازەکە لە جوڵە دەکەوێت. با مەبەستەکەم بە نموونەیەک کۆنکرێتی بکەینەوە; لەگەڵ درووستبوونی دەوڵەت نەتەوەی پێش سەد ساڵدا زۆرن ئەو شۆڕشە کوردییانەی بە سەرکوت کردن لە باربران. لە شۆڕشی شیخ مەحمودی بەرزنجییەوە بیگرن تا بگات بە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، دوایی بێدەنگی و متبوونی کوردان لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا کۆماری مەهاباد بە نیمچە شێوەگیربوونییەکەیەوە بە چەندین هۆکار داپڵۆسێنرا، کە هێڵی خیانەت یەک لە هۆکارەکان بوو.

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا باشووری کوردستان بە هۆکاریی تەوژمی شوعییەت- سۆڤێت دەبێتە زەمەنی دەرپۆقینی پارت لەو پارچەیەیی کوردستاندا. هاوکات زەمەنی دامرکاندنەوە و بەدگۆڕانی ئەو پارتانەیشە. لە کۆتاییدا لە دەرنجامی بەرگری و بەرخۆدانی گەلی باشوور و شەکەت بوونی ڕژێمی بەعسی ستەمکاریی عێراقی، وە دەستوەردانی بەرژەوەندیخوازی هێزە نێونەتەوەییەکان قەوارەیەکی سیاسی نیمچە دانپێدانراو بە ناوی 'ئیدارەی باشووری کوردستان' دامەزرێنرا.

وەڵامی پرسیارەکەمان هێشتا لە دووتوێی ڕووداوەکاندایە بۆیە دەبێت پرسیارێکی دیکەی ' ئاخۆ بۆ ئەو شۆڕش و جوڵانەوانە لە بارچوون یاخود بۆ گۆڕدراون دەستبەرداری جەوهەری شۆڕگێری خۆیان بوون؟'

هاوکات بوونی تەڤگەری ئازادی-پەکەکە و شۆڕشی کەسێتی

ڕیبەر ئاپۆ لەسەروبەندی دامەزراندی پەکەکەدا ئاماژە دەکات بەوەیی 'من بۆ تورک نەبووم، ئەم قەدەری کورد بوونە چییە!' لێرەدا پرسی کەسێتی دەخاتە بەرباس، کەسێتی کورد هاوپێچ بە داپڵۆسان و چەوساندنەوەیی مێژوو. پرسی چی و چۆن دەکرێت کوردێک بیت بە ئیرادەیەکی کوردانەوە بەرگری لە هەبوون و مانەوەی خۆت بکەی. لێرەدا وتە دانسەقەکەی دەربڕێت; "کوردبوون سەختە، ئەما ڕاکردن لێی نا مەردییە." بەمەوە وەڵامەکەمان خۆبەخۆ خۆیی دەرخات; مانەوە و هەبوون ئەوەیە کە بە جەوهەریی کەسێتییەکی کوردیانە، کەسێتییەک کە لە ڕوانگەی بەها مرۆڤایەتییەکانەوە بەرگری لە مانەوەی خۆی دەکات. مانەوەیەک کە زامنی هەبوونی ئەوی دەرە کوردیشە.

سیاسەتی قڕکردن; ترس لە ڕۆژئاوا

لە دوایی بەهاری عەرەبی، کە لە ڕاستییدا بە پراکتیزەکردنی تێکشکاندنی فۆڕمی دەوڵەت-نەتەوەییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوییندا. یانی خەساندنی پێگەی دەوڵەتە بەرانبەر بەرژوەندییە نوێیەکانی سیستەمی سەرمایەداری. وەک لە نمونەکانی تونس و دواتر بارگۆڕانی سیستەمی دەسەڵاتداری میسر و لەوێوە بۆ کاولکردنی لیبیا و دواترینیان لە پانتایی سووریادا گەشتە ترۆپکی پێکدادانی بەرژەوەندی هێزە-نوێنەرەکانی سیستەمی سەرمایەداری. لەو ململانێیانەدا کە بووە هۆکاری دەرپۆقینی چەندان هێزی ئیسلامی سیاسی. لەم بێنە و بردە سیاسی و تەنگەژەیی سیستەمی سەرمایەداریدا دەوڵەتی تورک کرا بە باشترین ڕۆڵگێڕی تێکشکاندنی فۆڕمی دەوڵەت نەتەوە، کە ئەمە داوێکە بۆ خوودی دەوڵەتی تورکیا.

 قوڵکردنەوەیی شکستپێهێنانی فوڕمی دەوڵەت-نەتەوە، بە چەند هۆکارێک;یەکەم، ورژاندنی هەستی ئیسلامی سیاسی-هێڵی سونی. وەک ئەوەی بە میراتگری ئیمپراتۆرێتی عوسمانی چنگی خستەوە نێو جێ پێکانی ئەو ئیمپراتۆرێتە وەک نوێنەرەوەی هەستی ئیسلامیزیی سیاسی-سونەگەرایی بەرانبەر بە سەفەوی-فارس-شیعەگەرای. نموونەی ئەم هەوڵەیی تورکیا بە هێنانە پێشی ئیخوانەکان لە میسر و دواتر شکستخواردوویان بینرا.

دووەم; کۆکردنەوە و پەروەردەکردنی ئەو گرووپە ئیسلامییە توندڕەوانە بۆ جێبەجێکردنی مەرامە کۆلۆنیالی و قڕکردنەکانی بەرانبەر ئەو پێگە و لایەنانە بە 'پاساوی دژ بە مۆدێرنێتەی سەرمایەداری' دواتر قڕکرن و داگیرکاری بەربنەمایی خەونی عوسمانی نوێ. سنورەکانی دەوڵەت-نەتەوەی سوریا بوو بە بازنەیی چڕبوونەوەی ئەو ململانێ ئابوری-سیاسی-داگیرکارییانە و هەنگاونان بۆ لەناوبردنی ئەو مۆدێلە ژیانەیی کە لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا-ڕۆژئاوادا سەرپێ خراوە.

لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا وێڕایی هەموو دەستوەردانی زلهێزە جیهانییەکان لە نێو دۆخی ناوخۆیی سووریادا، بەڵام بەهۆیی بەرکەوتنی زیاتری ئەو هێزانە لە گۆڕەپانی سیاسی سووریادا وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوونی خۆیان لەو گێژاوە لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥دا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆیی دەنگ بڕیاری ٢٢٥٤ی پەسەند کرد.

جەوهەری ئەرێنی ئەم بڕیاڕە بە گشتی لە دوو خاڵدا بوو; یەکەم، مافی هاوڵاتیانی سووریایە بڕیار لەسەر ئایندە و چارەنووسی خۆیان بدەن. دووهەم، بەرگرتن لە گۆڕانی دیمۆگرافیا بە گەڕاندنەوەی ئاوارە سووریەکان چ لە ناوخۆ و چ لەدەرەوە بۆ زێدیی خۆیان. 'ئاژاوە لە هەرکوێ بێت دەوڵەتی تورک لەوێیە، پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە'. بێگومان هەموو گەلی سووریا لەگەڵ ئەم بڕیارەبوو وە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریش پشتگیری خۆی بۆ چەسپاندنی بڕیارەکە دەربڕی، بەڵام لەو دۆخەدا دەوڵەتی تورک هەموو ئاستەنگییەکی درووستکرد بۆئەوەی نوێنەرانی ئیدارەی خۆ بەڕێوەبەری- ڕۆژئاوا بەشداری ئەو کۆبوونەوەیەیی ئەنجومەنی ئاسایش نەبن وەک بەشێک لە نوێنەری ئیرادەی گەلانی سووریا.

دەوڵەت-نەتەوەی تورک; ئاوابوونێک لەسەر نکۆڵیکردن لە گەلی کورد

کاتێک ناوی 'دەوڵەتی نەتەوەیی تورک' بەر گوێی هەر کوردێک دەکەوێت ڕاستەوخۆ وێنایی کوشت و بڕ لە بیرکردنەوەییدا درووستەبێت! داخۆ هۆکاریی ئەمە چییە، وەڵامێکی سادە; پەیماننامەی لۆزان هیچ نییە جگە لە چڕبوونەوەی ڕەگەزپەرستی دەوڵەتی تورک بۆ نکۆڵیکردن و تواندنەوەی کوردان. بەرجەستەبوونی دەوڵەتیش بەمانایی سەرکوتکردنی پێکەوەژیانی گەلان دێت لە ئاستێکی ئاسۆییدا. لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ; داخۆ ترسی دەوڵەتی تورک، بە دەربڕینێکی تر ڕقی دەوڵەتی تورک چییە لە ڕۆژئاوا- ئیدارەی بەڕێوەبەری هاوبەشی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا؟، جێگەی خۆیەتی بە نموونەیەک وەڵامی پرسینەکەمان کۆنکرێتی بکەینەوە. لەکاتی قەڵەم ڕەویی و داگیرکاریی بەربەرییەتی ڕێکخراوی تیرۆریستی-توندرەوی داعشدا بە دیاری کراوی لە ٢٠١٥دا درێژایی سنووری تورکیا-سووریا بە چەتەی داعش تەنرابوو، لەو کاتەدا ئەردۆغانی فاشیست و ئیدارەکەی نەک بە وشەیەک باسی مەترسی داعشییان لەسەر تورکیا نەکرد بەڵکو بە کەیف و سەفاوە لە هەلەکە سەمادا بوون وەک ئەوەیی بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی داعش سەرکەوتنی ئەوانە (ڕاستییەکەش هەر ئەوەیە). ئەردۆغان بە زمانی پڕوپاگەندەیی شەڕیی تایبەتەوە بە دەربڕینی, 'کۆبانێ دەکەوێت، لە کەوتندایە' بە دیوێکدا بانگەشەی بەدیهاتنی خەوونی لە ناوچوونی ئیرادەی کوردانی دەکرد لە ڕۆژئاوا، لە لایەکی دیکەوە ڕەوایەتی دەدا بە توندەڕوترین ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەم سەردەمە-داعش.

بەرخۆدانی کۆبانێ; کۆسکەوتنی فاشیست

بەدەر لە قارەمانێتی و جوامێری کوردان لە بەرخۆدانی کۆبانێدا، ئەوو پنتە ناوەکییەیی بەرخۆدانی کۆبانێی نووسییەوە 'هەبوونی کەسێتی ئیرادە خواز بوو' ڕەنگە گوزارشتی 'ژیانەوە' پڕپێسترتن پێناسەیی ئیرادەی کۆبانێ بێت. ترسی دەوڵەت نەتەوەی تورک لە خودی ئەم جەوهەرەیە، چونکی مێژووی دەوڵەتی قوڵی تورکیا مێژووی لێدان و تێکشکاندنی ئیرادەی کوردی ئازاد بووە. کاتێک ئەردۆغان دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە کەسێتی بەرخۆدانی کۆبانێدا دەربڕینی سنوورەکەمان تەنراوە لە تیرۆر' دەردەبڕێت دەرخەری ئەو ترسەیی دەوڵەت نەتەوەیە لە قسەکەی ئەردۆغاندا چونکە بوونی گەلێکی خاوەن ئیرادەی ئازاد دەبێتە جێگەی ترس و ڕقی دەوڵەت نەتەوەی تورک.