هەزاران کەس لە ٧ هەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین ڕێپێوانیان کرد

لە حەلەب بەبۆنەی ٧ هەمین ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر عەفرین ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.

هەزاران کۆچبەری شاری عەفرینی داگیرکراو و خەڵکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەبۆنەی ٧ هەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرینەوە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا. لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی سڵاوکردن لە بەرخۆدانی عەفرین و بەرخۆدانی بەنداوی تشرین بەرزکرایەوە.

لە چوارڕیانی زەیتون لە گەڕەکی ئەشرەفیە ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە. لەوێ بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی گشتی مستەفا حەمۆ ئاماژەی بەوە کرد گەلی عەفرین لە بەرامبەر سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانیان کرد.

جەختی کردەوە، دوای ٧ ساڵ دوورکەوتنەوە لە شارەکەیان، هیچ دوودڵییەکیان نییە بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانیان و گەڕانەوە بۆ شارەکەیان. ئاماژەی بەوە کرد، گەڕانەوە بۆ عەفرین لە هەر کات نزیکترە.

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ڕەیحان عەلۆ جەختی کردەوە سوورن لەسەر تێکۆشان و نوێکردنەوەی بەڵێنەکانیان بۆ شەهیدان.

لەکۆتاییدا درووشمی سڵاوکردن لە بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین و بانگەوازی گەڕانەوەی سەلامەت دوای کۆتاییهێنان بە داگیرکاری تورک لەسەر خاکی سوریا بەرزکرایەوە.