تەژەکە_ئە بانگەوازدەکات بۆ بەشداربوون لە چالاکییەکانی ٣ ی ئاب

تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە_ئە) چەند چالاکییەک لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی ڕێکدەخات بەبۆنەی ساڵیادی قڕکردنی ئێزدییەکان لە ٣ ی ئاب، بانگەوازدەکات هەمووان بەشداربن.

تەژەکە_ئە بەبۆنەی ساڵیادی قڕکردنی ئێزدییەکانەوە لە ٣ ی ئاب، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەڵێت: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی ٣ ی ئاب، ئێمە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ئەوروپا، دووبارە دەڕژێینە گۆڕەپانەکان و قڕکردنی گەلی ئێزدی شەرمەزار دەکەین، کە لەگەڵ داگیرکردنی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە دەستیپێکرد، هەروەها ئەم قۆناغەش شەرمەزاردەکەین کە درێژەی سیاسەتی سەرکوت و دەستدرێژی و بەکۆیلەکردن و زەوتکردنی ناسنامەی هەزار جارەی ئێزدییەکانە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " ئەم کۆمەڵکوژییە لە سەردەمی داعش پێکهات ئازارێکی توندی بە ژنان گەیاند، هەزاران ژن و مناڵی ئێزدی ڕفێنران و لە بازاڕی کۆیلەدا فرۆشران و دەستدرێژی سێکسی کرایە سەریان، لەو ٣٥٤٨ ژنەی دەستبەسەرکران، تا ئێستە تەنها ١٢٠٧ ژن ئازادکراون، نازانرێت ئاخۆ ژنەکانی تر هێشتا لە ژیاندا ماون یان نا، هێشتا ئومێد و تێکۆشانی بنەماڵەکانیان نەپچڕاوە بۆ بینینەوەیان".

خۆبەڕێوەبەری پێویستە بۆ گەلی ئێزدی

هەروەها دەڵێت: "بەڕای ئێمە، ئەم قڕکردنە شەرمەزارییەکی مەزنی سەدەیە و شوێنی لە یادگەماندا دەمێنێتەوە، وەک قڕکردنێک دژی هەموو ژنانی جیهان، هاوپشتی هەموو ئەوانە دەبین کە بەرگری لە دادپەوەری و یەکسانی و ئازادی دەکەن بۆ ئێزدییەکان و هەموو کەمینە چەوساوەکان.

ئێمە لەگەڵ قڕکردندا، شایەتحاڵی وێرانکردنی ژیان و چاند و جڤاکی شەنگال بووین. پاش ئەم کۆمەڵکوژییەی پێشەنگ و کەسیاتییەکانی کردە ئامانج، ئێزدییەکان گردبوونەوە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان دامەزراند و خۆیان پاراست.

بەڵام دەسکەوتەکانیان ڕووبەڕووی هەڕەشە بۆتەوە، دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانەکانی لە ٩ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ لەناوبردنی بونیادی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن و گەڕاندنەوەی سیستەمی سەرکوت، دەوڵەتی تورک چەندین جار لەڕێگەی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانەوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگالی کردە ئامانج، دەوڵەتی تورکی پشتیوانی دەوڵەتی ئیسلامی، سڵ ناکاتەوە لە بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و مناڵان.

تەنها دەوڵەتی تورک هەڕەشە نییە بۆ سەر شەنگال، حکومەتی عێراق چەندین جار ویستی لەڕێگەی هێزەوە شەنگال داگیربکات، داواکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری گەلێکی قڕکراوی پشتگوێ خست.

هێشتا ڕووداوەکانی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ لەیادمان ماوە، ئەوکاتەی پێشمەرگەی پەدەکەی سەر بە تورکیا و میلیشیا عێراقییەکان شەنگالیان داگیرکرد، لەکاتی هێرشی داعش چەکەکانیان فڕێدا و هەڵهاتن، بۆیە ئێزدییەکان متمانە بە کەس ناکەن بێجگە لە خۆیان. خۆبەڕێوەبەری بۆ گەلی ئێزدی پێویستە!

دەبێت دژی ئەم هێرشانە یەکبگرین، بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پشتیوان ئەم تێکۆشانە بن.

داوا دەکەین قڕکردنی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ دانی پێدا بنرێت، دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ تاوانباران پێکبهێنرێت.

پێویستە داعش و میلیشیا ئیسلامییە بەرپرسەکان لە قڕکردن و کۆمەڵکوژی جڤاکی ئێزدی، لە کەمپی هۆل دەربکرێن و لە وڵاتە ئەوروپییەکانی خۆیان سزای خۆیان وەربگرن.

لەپێناو ڕێگری لە ئازار و وێرانکاری زیاتر، پێویستە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر شەنگال بوەستێنرێت.

بۆیە ئێمە لەپێناو دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی بۆ هەموو گەلانی چەوساوە تێدەکۆشین، بەتایبەت جڤاکی ئێزدی.

بەم بۆنەیەوە، بانگەواز لە گەلەکەمان و دۆستەکانمان و بەتایبەت ژنان دەکەین، پێکەوە دەنگ هەڵبڕین لەو چالاکییەکانی لە ٣ی ئاب بە پێشەنگایەتی ژنان لە سەراپای ئەوروپا بەڕێوەدەچن.

با خۆمان ڕێکبخەین و تێبکۆشین لەپێناو ئاسایشی شەنگال و چوار پارچەی کوردستان".