ڤیدیۆی ئه‌و سه‌ربازه‌ی كوژرا: فه‌رمانده‌كه‌مان به‌رپرسیاره‌

ئه‌رده‌م كاڤڵاك،كه‌ پێشتر ده‌وڵه‌تی تورك بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد، ڕۆژی ١١ی ته‌مووز له‌ ڕووداوێكی هاتوچۆ گیانی له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌و سه‌ربازه‌ له‌ دوایین گرته‌ ڤیدیۆیی خۆیدا وتبووی: "ئه‌گه‌ر شتێكم به‌سه‌رهات، فه‌رمانده‌ی یه‌كینه‌كه‌مان لێی به‌رپرسیاره‌".

ئاژانسی ڕۆژنیوز له‌ هه‌واڵێكدا، گرته‌ ڤیدیۆیه‌كی ئه‌رده‌م كاڤڵاك، سه‌ربازێكی خه‌ڵكی سێواس-ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێشتر ده‌وله‌تی تورك بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردبوو، ڕۆژی ١١ی ته‌مووز له‌ ئه‌نجامی ڕووداوێكی هاتوچۆ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، ئه‌و سه‌ربازه‌ كاتێك له‌ گوڕه‌پانی شه‌ڕ بووه‌، به‌ ترسێكی زۆره‌وه‌ گرته‌ ڤیدیۆیه‌ك تۆمار ده‌كات و تێیدا ده‌ڵێت: ٣ ڕۆژه‌ ئێمه‌ لێره‌ین و ئه‌مڕۆش چواره‌م ڕۆژه‌. ئێمه‌ لێره‌ ئاومان نییه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێك به‌سه‌ر من و هاوڕێكانمدا بێت، فه‌رمانده‌ی بلوك و تابوره‌كه‌مان لێی به‌رپرسیاره‌. ئه‌گه‌ر شتێكم به‌سه‌ر هات ئه‌م ڤیدیۆیه‌ ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی به‌رگری سوپای تورك بكه‌ن".

بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ جارێكی دیكه‌ ڕووی چه‌په‌ڵی سوپای توركی داگیركه‌ر ده‌رده‌خات.

ژ.ن