واشنتۆن پۆست: دانپێدانانی سەرۆكی مافیاكانی تورکیا حكومەتەكەی ئەردۆغانی هەژاندووە

دانپێدانەكانی سەدات پەكەر یەكێك لە سەركردە مافیاكانی توركیا دەنگدانەوەی زۆری لێكەوتووەتەوە و میدیای ئەمریكاش دەڵێت حكومەتەكەی ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای هەژاندووە.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست وتارێكی شیكاری دەربارەی پەیامە ڤیدیۆییەكانی سەدات پەكەر بڵاوكردوە كە باس لە پەیوەندییەكانی نێوان گروپە مافیاكان و كەسایەتییە دیارەكانی حكومەت و پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای توركیا دەكات.

لە وتارەكەدا هاتووە كە دانپێدانانەكانی پەكەر، ناوەندەكانی توركیای تووشی چەقبەستوویی كردووە، بەڵام حكومەتەكەی ئەردۆغانی هەژاندووە، بە تایبەتیش لەم كاتەدا كە بە هۆی خراپی دۆخی ئابووری و پەتای كۆرۆناوە پێگەی جەماوەریی لاواز بووە.

لەلایەكی دیكەشەوە ماڵپەڕی زەمانی توركی ئەنجامی ڕاپرسییەكی ناوەندی توێژینەوەی كۆمەڵایەتی بڵاوكردەوە كە سێ هەزار و ١٤٠ كەس تێیدا بەشدارییان كردووە، سەبارەت بە متمانەیان بە ناوەڕۆكی ئەو زانیارییانەی كە پەكەر ئاشكرایان دەكات.

بە پێی ڕاپرسییەكە ٥٢.٦%ی هاووڵاتییانی توركیا بڕوایان بە قسەكانی سەرۆكی مافیاكان هەیە كە ئێستا لە ئیمارات نیشتەجێیە.

ک-ش