هه‌واڵی به‌په‌له‌: ڕێبەر ئاپۆ: پرۆسەکە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە
نوێکرایەوە

وۆرکشۆپی ڕاگەیاندنی 'پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان' کۆتاییهات

مەراسیمی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان بە ڕاگەیاندنی ئەنجامنامەی پلاتفۆرمەکە کۆتای هات.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کتێبخانەی تەواری شاری سلێمانی، وۆرکشۆپی 'پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان' بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، هونەرمەندان و نووسەران بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی دەستیپێکرد و وتەی دەستپێکی مەراسیمەکە لەلایەن شەیدا مەعرووف خوێندرایەوە، پاشان ڕاپۆرتی پلاتفۆرمەکە لەلایەن سارا ڕەزا پێشکەش کرا و تیشکی خستەسەر سیستەمی جیهانی کە بە شێوازێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیزاین دەکرێتەوە و سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە هەڵدەوەشێنێتەوە.

هاوکات، لەلایەن دیوانی پلاتفۆرمەکە لەوانە شیرین تەها، ڕووناک مەجید و گوڵستان سەعید ئامانجی پلاتفۆرمەکە خرایەڕوو، درێژە بە گفتوگۆکان درا و تیشک خرایە سەر پرسی ژن، پرسی نەتەوەیی کورد بە ئامانجی یەکڕیزی و یەکدەنگی ژنان و چارەسەرکردنی ئاستەنگییەکانی بەردەمیان، هەروەها جەختکردنەوە لە گرنگی یەکڕیزی نەتەوەیی گەلی کورد لەم قۆناغەدا.

گفتوگۆی کراوە؛ بانگەواز بۆ یەکگرتوویی ژنان

پاشان لە لایەن ئامادەبووان دەستکرا بە خستنەڕووی پێشنیازەکان و ڕاگۆڕینەوەی ئەو پرسانەی کە پەیوەستبوون بە پلاتفۆرمەکە، لە گفتوگۆکاندا ژنان ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربارەی ڕەوشی سیاسی لە باشووری کوردستان و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن دەربڕی و داوایان کرد ژنان یەکگرتووبن، بەتایبەت لەناو دیزاینکردنەوەی بارودۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە قوربانییەکان ژنانن، بۆیە جەختکرایەوە لەوەی هەتا ژنان ئازاد نەبن و ڕزگاریان نەبێت لە داگیرکاری و چەوساندنەوە، ناتوانن ژنان یەک دەنگ بن، هەروەها تیشک خرایە سەر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی بەتایبەت لە دوای پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەمووان توانا و هێزی خۆیان بکەن بەیەک و جیاواز لە بیر و بۆچوونی ئایدۆلۆژی کاربکەن بۆ دەستهێنانی ئامانجەکانیان.

لە کۆتاییدا بە چەند خاڵێک ئەنجامنامەی پلاتفۆڕمەکە ڕاگەیاندرا.

ئەنجامنامەکە بەمشێوەیەیە:
١-زۆرینەی ئامادەبووان لەسەر ئەنجامدانی کۆنفرانس کۆکن.
٢-ئێمە بە قۆناغێکی ڕزگاریی و نەتەوەییدا تێدەپەڕین، پێویستە بە فیکرێکی نەتەوەییانە کاربکەین، ئیتر سەر بە هەر جۆرە ئایدیۆلۆژیا و پارتێکی سیاسی بێت.
٣-بەردەوام بوونی پلاتفۆرمەکە لەکار و چالاکییەکان بێ دابران.
٤-ژنان دوای ئەوەی بیر لەیەکڕیزی نەتەوەیی ماڵی کورد بکەینەوە، پێویستە بیر لە یەکڕیزی ژنان خۆیان بکەنەوە و بەو هۆشیارییەوە کاربکەن، دەبێت ژنان سەرکردایەتی ئەم قۆناغە بکەن، کار بۆ بەهێزکردنی ژنان بکرێت، بۆ ئەوەی لە بواری سیاسیدا بەشداری کارای هەبێت و بە توانای خۆی بەشداری سیاسی بکات نەک بە سیستمی کۆتا.
٥-ئیش کردن لەسەر ئەو یاسایانەی دژ بە ژنانە، لە ژێر چەتری هەندێک لەو یاسایانەدا ژنان دەچەوسێنرێنەوە، لەوانە یاسای باری کەسیتی.
٦–پێویستە ژنان بە یەکگرتووی بەشداری لەو کۆنفرانسەدا بکەن، تاکو بەهێزەوە بەشداری لەم قۆناغە مێژووییەدا بکەن و ئامادەسازی باشتر بکەن بۆ کۆنفراسی ژنانی باشوور و دواتریش بۆ کۆنگرەی (سێ) ی یەکیتی نەتەوەیی ژنی کورد. یەکریزی ژنی کورد دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ کارکردن لەسەر ئەم قۆناغە مێژووییە.
٧-پێویستە ژنان لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژیی و کۆت و بەندە کۆمەڵایەتیەکان و هەموو ئایدیا چەقبەستووییەکان دەرباز بکەن، دەبێت بایەخ بە هۆشیاری جەوهەری بدەن و بە ئازادیی بیر بکەنەوە و تێکۆشان بکەن.
٨–پلاتفۆرمەکە بە گشتی وەک(پلاتفۆرمێکی ژنان) خۆی بناسێنێت، بۆ ئەوەی دووربین لە ڕیشەی دەمارگیری
٩-بەشداری ژنان لەم یەکێتیە نەتەوەییەدا، تێکۆشان دەبێت بەرامبەر سیستمی سەرمایەداری جیهانی، کە داگیرکاری ئەم هێزە کۆڵۆنیالیزمە، داگیرکارییە بەرامبەر بەژن، لەناویشیاندا پەیوەست دەبێتەوە بە کێشەکانی ژن لە ڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییەوە.
١٠- بەتواناکردنی ژنان و کارکردن لەسەر هۆشیاری ژنان و هۆشیارکردنەوەی پیاوان لە ماف و ئازادییەکانی ژن، بۆ ئەوەی لەو ئەقڵیەتە سەرمایەدارییە سێکسگەرایی و بەکاڵاکردنی ژن دەرباز بین.
١١-پیویستە ئەو ژنانەی لە پەرلەمانن، بێ بیرکردنەوەی حیزبی بیر لەمەسەلەی ژن بوون بکەنەوە.
١٢-زۆرترین ژن بە گوێرەی پسپۆری بەشداری پێ بکرێت لەم کۆمیتەیەدا
١٣-ژنان فشار لەسەر حیزبەکان دروست بکەن، کە بەیەکگرتووی هەنگاوی کاریگەر بنێن.
١٤-ئینستیتۆیەک درووست بکەین بۆ داهێنان و بەتواناکردنی ژنان، لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی.
١٥- پێویستە گرنگی بە بابەتی ژینگە بدرێت، لە بەرنامەی کۆنفرانسی باشوور و لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەش بابەتی ژینگە بایەخی پیبدرێت، چونگە ڕەوشی ژینگە زۆر پەیوەندی بە ژنەوە هەیە.
١٦-پێویستە گرنگی بە بابەت ژینگە بدرێت لە کۆنفرانسی باشوور و لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەش گرنگی بە ژینگە بدرێت.