ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە بەریتانیا بە پێشەنگایەتی مەجلیسی گەلی کورد و پێکهاتەکان لەنێوان ١٧-٢٤ ی ئادار لە چەند شارێکی سەرەکی بەتایبەت لەندەن و لیڤەرپوول و ئیدنبۆرگ بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدولا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ئەنجام دەدرێت.
لە لەندەن ئامادەکارییەکانی نەورۆز تەواو بوون، چاوەڕوان دەکرێت لە ١٧ ی ئادار لە پارکی فینسبوری لەندەن ئاهەنگێکی شکۆداری نەورۆز ئەنجام بدرێت، سیاسەتمەداری کورد، ئەحمەد یەڵدرم، هەروەها هونەرمەندان هۆزان دینۆ و بەسەر شاهین و نەجمەدین غوڵامی و گرووپی زەلال و مەروان شان بەشدار دەبن.
وەک هەموو ساڵێک چاوەڕێ دەکرێت تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی بەریتانیا لە ئێوارەی ٢٠ ی ئادار ئاهەنگێکی شکۆدار بە ئاگرکردنەوە و هەڵپەڕکێ ئەنجام بدات. بڕیارە هونەرمەندان ڕۆتیندا و سونا ئالان و میر سەرحەد و گرووپی زەلال بەشداربن، لەگەڵ دەهۆڵ و زوڕنا هەڵپەڕکێ سازبکرێت.
بەهەمانشێوە لە ١٩ ی ئادار لە کارگەی ئینڤیسەبڵ ویند لە لیڤەرپوول بە پێشەنگایەتی مەجلیسی گەلی کورد ئاهەنگێک سازدەکرێت، هونەرمەندان بەسەر شاهین و نەجمەدین غوڵامی و سیپان خەڵات و مەروان شان و میر سەرحەد بەشداردەبن.
بەهەمانشێوە لە ئیندبۆرگ ئاهەنگێکی جەماوەری سازدەکرێت، هونەرمەندان ڕۆتیندا و گرووپی چوار و یەک، گرووپی دەنگی ژیان، گرووپی ڕۆژئاڤا و مەروان شان بەشداردەبن.
لە ١٨ ی ئادار لە ئێکستەرن و لە ٢٢ ی ئادار لە برایتۆن و شێفێڵد ئاهەنگی نەورۆز ساز دەکرێت. هاوسەرۆکانی مەجلیسی گەلی کوردی بەریتانیا سەعید سوروچ و ئاسۆ کەمالی قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد، ئاماژەیان بەوە کرد ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێش ٥٢ ساڵ لە ڕۆژی نەورۆزدا یەکەم هەنگاوی هاویشت و گوتیان: "ئەم ڕۆژە بە پێشەنگایەتی عەبدوڵا ئۆجالان بەگوێرەی جەوهەری تێکۆشان وەک "جەژنی ژیانەوە و جەژنی ئازادی" پیرۆز دەکرێت".
هاوسەرۆکان ڕایانگەیاند ئامانجیانە بە درووشمی هەڵمەتی نێونەتەوەیی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بەرخۆدان دژی سیاسەتی گۆشەگیری و کۆمەڵکوژی لە گۆڕەپانی سیاسی و جڤاکی بگەیەننە ئاستێکی بەرز.
هەروەها هاوسەرۆکان ڕایانگەیاند نەورۆزی ئەمساڵی لەندەن دەکەنە دیاری هەڵمەتی نێونەتەوەیی ١٠ ی تشرینی یەکەم و گوتیان: "نەورۆزی ٢٠٢٤، دەبێتە نەورۆزی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی پرسی کورد، نەورۆز پیرۆز بێت!".