ئامینە شەنیاشار: ئەردۆگان بکوژان دەپارێزێت

ئامینە شەنیاشار لە ئەنقەرە درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدات، بە کورسی جووڵاو چووە وەزارەتی دادی تورکیا و گوتی: "ئەردۆگان بکوژان دەپارێزێت".

خزم و پاسەوانانی پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە لە ڕحا ئیبراهیم خەلیل یەڵدز لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی رحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هاوژین و دوو کوڕی ئامینە شەنیاشار کوژران. ئامینە شەنیاشار ١٦ ڕۆژە لە ئەنقەرە چالاکی ئێشکگرتنی دادپەروەری بەڕێوەدەبات. شەنیاشار لە باخچەی پەرلەمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز فەرید شەنیاشار و بورجوگول چوبوک، ڕاگەیانداوێکی خوێندەوە.

فەرید شەنیاشار ڕایگەیاند، بەو هۆیەی دادپەروەری نەهاتۆتە دی لە ئەنقەرە درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدەن و هەموو ڕۆژێک دەچنە وەزارەتی داد. شەنیاشار ڕایگەیاند چاویان کەوتووە بە جێگری وەزیری داد ڕەمەزان جان، هیچ ئەنجامێک بەدەست نەهاتووە، بۆیە تا ئەنجامێک دێتەدی ئەوان بەردەوام دەبن.

بە کورسی جووڵاو چوونە وەزارەت

شەنیاشار و پەرلەمانتاران چوونە وەزارەتی داد. ئامینە شەنیاشار بە کورسی بەشداری ڕێپێوانەکە بوو. شەنیاشار ویستی بچێتە نێو وەزارەتەکە چاوی بە وەزیری داد بکەوێت.

پاسەوانان نەیان هێشتە بچنە نێو وەزارەتەوە. پۆلیسێک بە بنەماڵەی شەنیاشاری گوت: "لەپێناو دەرکەوتن لە میدیای دیجیتاڵ وەها مەکەن". فەرید شەنیاشار وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند باوک و براکەی کوژراون، برایەکی گیراوە، چەند ساڵە داوای دادپەروەری دەکەن و داواکەیان نەهاتۆتە دی.

"ئەردۆگان بکوژان دەپارێزێت"

بنەماڵەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەر دەرگا مانەوە. نە بە بەڵێ و نە بە نەخێر، وەڵامی داواکەیان نەدرایەوە بۆ چاوپێکەوتنی وەزیر. ئامینە شەنیاشار دوو کاتژمێر لەبەردەم دەرگای وەزارەت مایەوە، ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر وەزیری داد و سەرۆککۆماری تورک ئەردۆگان و گوتی: "کوڕەکەم ٦ ساڵە لە گۆشەیەکی تاکەکەسی بەندکراوە. ئەردۆگان ئێمەی زیندەبەچاڵ کرد. ئەردۆگان پەرلەمانتاری کۆمەڵکوژکەر دەپارێزێت. ئەگەر دادپەروەری هەبوایە، لە نەخۆشخانەکەدا سەری مرۆڤ لێ نەدەکرایەوە. دواتر، لە شەودا هەموو نەخۆشخانەکە بۆیاخ کرایەوە. بکوژان بە ئازادی دەسوڕێنەوە".

"وەزیری داد ترسنۆکە"

شەنیاشار ڕایگەیاند، بنەماڵەیەک لەناوبراوە و گوتی: "ماڵم وێران کرا. ئەمە دادپەروەری تۆیە؟ ئاگر بەربێ لە سیستەمی دادپەروەریت، دەرگاکەت داخراوە. بۆچی وەزیری دادی ترسنۆک نایەتە دەرێ؟

شەنیاشار داوای کرد هەموو دیمەنەکانی کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا بکرێن و گوتی: "بۆچی تۆمارەکان دەرناخەن؟ بەسە کەم ئاگر بخەنە دڵمانەوە".

پاش چالاکییەکە شەنیاشار گەڕایەوە پەرلەمان.